سەرۆک بارزانی و مەشهەدانی جەخت لەسەر هەماهەنگیی و کاری هاوبەشی لایەنە سیاسییەکان دەکەنەوە

سەرۆک بارزانی و سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کۆ بوونەوە و جەختیان لەسەر هەماهەنگیی و کاری هاوبەشی لایەنە سیاسییەکان کردەوە بۆ تێپەڕاندنی کێشەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان.
چوارشەممە، 26ـی شوباتی 2025 لە سەڵاحەددین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازیی لە مەحموود مەشهەدانی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کرد.
بارەگای بارزانی، لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند "لە کۆبوونەوەکەدا، تیشک خرایە سەر دوایین ڕووداو و گۆڕانە سیاسی و ئەمنییەکانی ناوچەکە و هەروەها پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراقی فیدراڵ."
هەر لە کۆبوونەوەکەدا، جەخت لەسەر هەماهەنگی و کاری هاوبەشی لایەنە سیاسییەکان کرایەوە بۆ تێپەڕاندنی کێشەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان.
