کۆتایی بە هاوردەکردنی غاز و کارەبای ئێران دەهێندرێت

کاتژمێرەکانی کۆتایی هاوردەکردنی غاز و کارەبا لە ئێران بۆ عێراق، لە کۆتایی نزیک دەبنەوە، هەشت ڕۆژی دیکە هەموو شتێک کۆتایی پێدێت، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمیش وێڕای فشارەکانی ئەمەریکا، یەکێکە لە تاکە دەرچەکانی ڕزگاربوون لە قەیرانی کەمی وزەی نێوخۆ، ناشزاندرێت کۆتایی هاتنی ڕێککەوتنەکە چەند لەسەر عێراق دەکەوێت، ئاخۆ وڵاتەکە کە ئێستا توانای پڕکردنەوەی پێویستییەکانی نێوخۆی نەماوە، عێراق دەبوورێت لەو پابەندییانەی کە لەسەری ڕێککەوتوون یاخوود نا، وێڕای ئەوەش پڕکردنەوەی ئەو کەمی و  قەیرانە، پێویستی بە نزیکەی 3 بۆ 5 ساڵ هەیە تاکوو ژێرخانەکەی بە پشت بەستن بە توانا دەرەکییەکان، پێویستییەکانی خۆی پڕ بکاتەوە.

لەنێو گێژاوی فشارە نێودەوڵەتییەکان، کێشە ناوخۆییەکان، ترس لە قەیرانی وزە و کەمی خزمەتگوزارییەکان، غازی ئێران لەسەر عێراق دەستی بە پاشەکشە کردووە، خولەکەکانی کۆتایی دەستیان بە لێدان کردووە و لەماوەی هەشت ڕۆژی دیکە بەتەواوی کۆتایی دێت.

دوای زیاتر لە دوو دەیە حکوومەتەکانی عێراق نەیانتوانیووە بەپێی پێویستییەکانی وڵاتەکە سوود لە سەرچاوەکانیان وەربگرن، لەو نێوانە نازاندرێت ئاخۆ هۆکارەکە پاڵنەری سیاسییە پشت بە وزەی وڵاتێکی دراوسێ ببەستێت، یاخوود خراپی هزری دەوڵەتداری، ژێرخان، پلان و توانستی وڵاتەکەیە لە کەرتی وزە.

بۆ چارەسەری کاتی، عێراق ڕێککەوتنی وزەی لەگەڵ ئێرانی هاوسێ واژوو کرد، ڕێککەوتنەکە بۆ ماوەی 5 ساڵە و بەردەوام گۆڕانکاریی بەسەر وردەکارییەکانیدا دێت، تێکڕای تێچووەکان لەماوەی ڕێککەوتنەکە نزیکەی 20 ملیار دۆلارە لە تەمووزی 2023، عێراق نەوتی ڕەش و خاویشی لە بری وزەی هاوردەکراو، هەناردەی ئێران دەکرد .

پەیوەست بە جێگرەوەکانی وزەی هاوردە لە عێراق، قەیرانێکە جڵەوی ئەستەمە، بە لایەنی کەم بۆ ماوەی دوو تا سێ ساڵ، عێراق ناچارە پشت بە وزە و نەوتی هەرێمی کوردستان ببەستێت، سەرە ڕای واژووکردنی ڕێککەوتنی نوێ لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوا، بەو پێیەی لەژێر فشارەکانی ئەمەریکا و ڕۆژئاوادایە و تا ئێستاش هاوردەی غاز و کارەبا لە ئێرانی ناکۆکی ڕۆژئاوا بووە، ئێستا هاوردەی غاز لە ئێران 50 بۆ 7 ملیۆن مەتر سێجا کەمی کردووە و لەماوەی هەشت ڕۆژی دیکە هاوردەی غاز کۆتایی دێت، لە کاتێکدا بڕی 35 تا 40 لە سەد، هاوردەی غاز و کارەبای عێراق لە ئێران بووە.

لەو نێوانە توانای عێراق بۆ پڕکردنەوەی وزە بەرامبەر پێداویستییەکانی گشتی، کێشەی ڕژدی تێکەوتووە، چونکە توانای عێراق 26 هەزار مێگاوات کارەبایە و پیویستی بە 40 هەزار مێگاواتە، هاوکات پێویستی بە 55 ملیۆن مەتری سێجا غاز هەیە بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی ناوخۆ.

بەپێی لێکدانەوەکانیش، پشت نەبەستنی عێراق بەخۆی هۆکارە بۆ ئەو دۆخەی تێیکەوتووە، وا دەکات بەردەوام لای وڵاتانی هەرێمی و جیهانی کاریگەریی لەسەر دروست بکرێت و بکەوێتە ژێر فشارەوە، وێڕای ڕێککەوتنیش لەگەڵ چەند کۆمپانیایەکی وزە، بەڵام تا نزیکەی 5 ساڵی دیکە بەرهەمێکی وەهای نابێت تا قەیرانی وزەی چارەسەر بکات. 

 
Fly Erbil Advertisment