دەوڵەت باخچەلی و سەڵاحەددین دەمیرتاش بە تەلەفۆن قسەیان کرد

ماڵپەڕێکی تورکی بڵاوی کردەوە، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی، پەیوەندیی بە سەڵاحەددین دەمیرتاشەوە کردووە و سوپاسی کردووە. 

یەکشەممە 2ـی ئاداری 2025، ناگێهان ئاڵچی، نووسەری ماڵپەڕی خەبەرتورک ڕایگەیاند، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ سەڵاحەددین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە ئەنجام داوە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی ئاڵچی، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا باخچەلی بەهۆی پاڵپشتیەکانی بۆ قۆناغی ئاشتی سوپاسی دەمیرتاشی کردووە.

دوای پەیامی عەبدوڵڵا ئۆجەلان و پەیامەکەی باخچەلی، دەمیرتاش هیوای تەمەندرێژیی بۆ باخچەلی و ئەردۆغان و ئۆجەلان خواستبوو. 

پێنجشەممە 27ـی شوباتی 2025، شاندی ئیمڕاڵی دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، پەیامی ئۆجەلانیان بە هەردوو زمانی کوردی و تورکی خوێندەوە.

ئەحمەد تورک، سەرۆکی لەکارلادراوی گەورەشارەوانیی مێردین، پەیامی ئۆجەلانی خوێندەوە و ڕایگەیاند، پەکەکە کاتێک دامەزرا کە ڕێگەی دیموکراسی گیرابوو، هەروەها پێویستە زمانی ئاشتی و دیموکراسی پێش بخرێت.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا هاتووە، پێویستە پەکەکە چەک دابنێت و کۆنگرە ببەستێت و خۆی هەڵوەشێنتەوە.

هاوکات ئۆجەلان، لە پەیامەکەیدا ئەوەشی خستووەتە ڕوو، بەرپرسیارەتی ئەم بڕیارە لە ئەستۆ دەگرێت و گەرەنتی گفتوگۆی ئاشتی دەکات.

لای خۆیەوە کۆمیتەی جێبەجێکاری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە وەڵامی پەیامەکەی عەبدوڵلا ئۆجەلان، شەممە 1ـی ئاداری 2025، ئاگربەستی ڕاگەیاند و جەختی کردەوە، تا ئەو کاتەی هێرش نەکرێتە سەریان هیچ چالاکییەکی چەکداریان نابێت. هەروەها ئازادکردنی ئۆجەلانیشیان کردووەتە مەرجی بەستنی کۆنگرەی هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە.

 
 
Fly Erbil Advertisment