سری سورەییا ئۆندەر: باخچه‌لی پێی گوتم، ڕۆژێک دێت پێکەوە هەڵپەڕکێی ئاشتیی دەکەین

سری سورەییا ئۆندەر و سه‌ڵاحه‌ددین ده‌میرتاش و باشاک دەمیرتاش
سری سورەییا ئۆندەر و سه‌ڵاحه‌ددین ده‌میرتاش و باشاک دەمیرتاش

په‌رله‌مانتارێكی ده‌م پارتی و ئه‌ندامی شاندی ئه‌م پارته‌ بۆ ئیمراڵی ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، سه‌رۆكی مه‌هه‌په‌ په‌یوه‌ندی پێیانه‌وه‌ كردووه‌؛ هاوكات به‌ ده‌میرتاشی گوتووه‌، ئاییندەیەکی باش چاوەڕێیان دەکات.

دووشه‌ممه‌، 3ـی ئاداری 2025، سری سورەییا ئۆندەر، پەرلەمانتاری دەم پارتی و ئەندامی شاندی ئەو پارتە بۆ ئیمراڵی لە کەناڵێکی تورکیدا ڕایگەیاند، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە دوای گوتارە مێژووییەکەی لە پەرلەمانی تورکیا پەیوەندییانی پێ کردووە و پێیانی ڕاگەیاندووە، ڕۆژێک دێت پێکەوە هەڵپەڕکێی ئاشتیی دەکەن.

سری سورەییا ئۆندەر گوتووشیه‌تی، باخچەلی لە ڕێگەی ئەوەوە پەیوەندیی بە دەمیرتاشەوە کردووە و پێی ڕاگەیاندووە، ئاییندەیەکی باش چاوەڕێیان دەکات.

پەرلەمانتارەکەی دەم پارتی ئەوەشی گوت، عەبدوڵڵا ئۆجەلان هیچ مەرجێکی لە بەرانبەر چەکدانان و هەڵوەشانەوەی پەکەکە نییە و خۆیشی نەیویستووە بێتە پەرلەمان و گوتوویەتی، دەم پارتی لە پەرلەمانە و ئەو لە بەندیخانەوە پەیامەکەی خۆی ئاراستە دەکات.

دووشه‌ممه‌، 3ـی ئاداری 2025، میدیاکانی تورکیا ڕایانگەیاند، سەڵاحەددین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە داوای مۆڵەتی بینینی باشاک دەمیرتاشی هاوسەری کردووە کە بڕیارە نەشتەرگەریی بۆ بکرێت، دواتر لەسەر مۆڵەتی فەرمیی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، ڕێگە بە دەمیرتاش دراوە، ڕۆژی هەینی دەمیرتاش لە بەندیخانەی ئەدرینەوە بۆ ئیستانبوڵ گواستراوەتەوە و لە کاتی نەشتەرگەرییەکەیدا لەگەڵ هاوسەرەکەی بووە.

 بەگوێرەی میدیاکان، کاتێک دەمیرتاش لە نەخۆشخانە بووە، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ دەمیرتاش کردووە و هیوای زوو چاکبوونەوەی بۆ هاوسەری دەمیرتاش خواستووە، جگە لەوە باخچەلی سوپاسی دەمیرتاشی کردووە بەهۆی ئەو هەڵوێستەی کە لە قۆناغی نوێیی چارەسەریدا پێشکەشی کردووە.

 
Fly Erbil Advertisment