تورکیا: نابێت گرژییەکانی لازقیە و دەورووبەری ببێتە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی سووریا و ناوچەکە

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا دەڵێت: وڵاتەکەمان بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیکردنی گەل و ئیدارەی سووریا. گوتیشی: دژی هەر هەوڵێکن کە ئاشتی و خۆشگوزەرانیی سوورییەکان دەکاتە ئامانج.
هەینی 7ـی ئاداری 2025، ئۆنجو کەچەلی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس لەبارەی ڕووداوەکانی لازقیە و پێکدادانی هێزە ئەمنییەکان و پاشماوەکانی رژێمی پێشوو ڕایگەیاند، ئێستا هەوڵێکی چڕ خراوەتەگەڕ بۆ ئاسایش و سەقامگیری سووریا.
باسی لەوەش کرد، نابێت گرژییەکانی لازقیە و دەورووبەری ببێتە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی سووریا و ناوچەکە.
گوتیشی: دژی هەر هەوڵێکن کە ئاشتی و خۆشگوزەرانیی سوورییەکان دەکاتە ئامانج، تورکیا بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیکردنی گەل و ئیدارەی سووریا.
پێنجشەممە 6ـی ئاداری 2025، لە لازقییە شەڕ و پێکدادان لە نێوان هێزەکانی حکوومەتی نوێ سووریا و لایەنگرانی ڕژێمی پێشووی ئەسەد ڕووی دا.
بە گوێرەی زانیارییەکان، بەهۆی شەڕەکەوە جگە لەو 69 کەسەی گوللەباران کراون، 72 کەسی دیکەش کوژراون، کە 36ـیان لە هێزەکانی سووریا بوون، 32ـی دیکەش لە چەکدارانی سەر بە ڕژێمی پێشووی ئەسەد بوون، بەمەش ژمارهی كوژراوان گەیشتووهته 141 کەس.