ڕوانگەی سووری: زیاتر لە 160 کەسی مەدەنی گولـلەباران کراون

ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ئامارێکی سەرتاسەری شەڕ و ئاڵۆزییەکانی سوپای نیشتمانی سووریا و چەکدارە پاشماوەکانی ڕژێمی ئەسەدی بڵاو کردووەتەوە و ئاماژەی داوە، %68ی کوژراوەکان خەڵکی مەدەنین و لەلایەن سوپای نیشتمانییەوە گولـلەباران کراون.
بە گوێرە ئامارەکانی ڕوانگە، شەڕ و ئاڵۆزییەکان لە سنووری پارێزگای لازقیە چووەتە دۆخێکی مەترسیدار و ڕەشەکوژی زۆربەی گوند و ئاواییەکانی گرتووەتەوە و ئاماژەی داوە، لە گوندی قەرفیز 22 هاووڵاتیی، لە گوندی بەشیر 24 هاووڵاتیی مەدەنی لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی بەرگری و ناوخۆ گولـلەباران کراون.
هەر لە سنووری پارێزگای لازقیە، لە گوندی موختاریە 38 هاووڵاتی مەدەنی و حەوتی هاووڵاتی دیکە لە ناوچەی حەفە گولـلەباران کراون، لەلایەکی دیکەوە دوو گەنج لە ناوچەی یەحموور لە سنووری تەرتووس بە دەستی هیزەکانی وەزارەتی بەرگریی سووریا کوژراون.
هەروەها لە شاری بانیاس لەسەر دەستی سوپای نیشتمانی و هێزەکانی ناوخۆی دەسەڵاتی نوێی سووریا 60 کەسی دیکە گولـلەباران کراون، لە نێویاندا 10 ئافرەت و پێنج منداڵ هەن.
هەروەها لە دەشتاییەکانی حەما، یەکێک لە ناسراوترین کەسایەتییەکانی تایفەی عەلەوی بە ناوی شێخ شەعبان مەنسوور، کە تەمەنی نزیکەی 90 ساڵە لەگەڵ کوڕێکی لەلایەن سوپای نیشتمانییەوە گولـلەباران کراون.
سەبارەت بە ئاماری کوژراوانی هێزەکانی سەر بە هەردوو وەزارەتی بەرگری و ناوخۆی دەسەڵاتی نوێی دیمەشق، ڕوانگە سووری ئاماژەی داوە، 34 ئەندامانی سوپای نیشتمانی و ئاسایشی گشتیی لە شەڕ و پێکدادانەکان و بۆسەی چەکداران کوژراون، لە بەرانبەریشدا 42 کەس لە گرووپە چەکدارەکان لە دەشتاییەکانی لازقیە و جەبلە کوژراون.