حکوومەتی عێراق دەربارەی کۆتایی هاتنی ماوەی لێخۆشبوون لەسەر هاوردەکردنی غازی ئێران هاتە دەنگ

گوتەبێژی حکوومەتی عێڕاق ڕایگەیاند، تا ئێستا عێراق بە فەرمی لە کۆتایی هاتنی لێخۆشبوونەکانی هاوردەکردنی غازی ئێران ئاگادار نەکراوەتەوە، گوتیشی: حکوومەت سیناریۆی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر پێشهاتێکی پەیوەست بە هاوردەکردن غازی ئێران داڕشتووە.

شەممە، 8ـی ئاداری 2025، باسم عەوادی، گوتەبێژی حکوومەتی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا گوتی: ئێستا پەیوەندیی نێوان عێراق و ئەمەریکا ئارامە، هەروەها پەیوەندیی نێوان سەرۆک وەزیرانی عێراق و دۆناڵد ترەمپ، پیشەیی و لەسەر بنەمای ڕێزگرتنی یەکتر بووە، هەردوولا باسیان لە پەرەپێدانی پەیوەندی نێوان بەغدا و واشنتن و ڕێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیجی و چۆنییەتی پتەوکردنی پەیوەندییەکان کردووە.
ئاماژەی بەوەش دا "لە کاتی پەیوەندی تەلەفۆنی نێوان سەرۆک وەزیرانی عێراق و وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، باسیان لە بابەتە ناوچەییەکانی پەیوەست بە ئێران نەکردووە."

گوتەبێژی حکوومەت باسی لەوەش کرد "دەبوایە عێراق لەبابەتی وزەدا تاوەکوو ساڵی 2028دا بگاتە قۆناغی خۆبژێوی و پێویستی بە هاوردەکردنی غاز لەدەرەوە نەبێت."

باسم عەوادی ڕوونیشی کردەوە "ئێمە 50 ملیۆن پێی سێجا غاز لە ئێران هاوردە دەکەین، کە سێیەکی بەرهەمهێنانی وزەی ئێران پێک دەهێنێت، هەروەها حکوومەت هەموو سیناریۆکانی داناوە لە ئەگەری نوێکردنەوەی یان نوێنەکردنەوەی لێخۆشبوونەکان. عێراق لە کۆتایی هاتنی لێخۆشبوونەکان بەفەرمی ئاگادار نەکراوەتەوە، بەڵام سەرۆک وەزیران خۆی بۆ خراپترین سیناریۆ ئامادە کردووە."

لەبارەی غازی تورکمانستان، عەوادی دووپاتی کردەوە کە "سەرۆک وەزیران لەوبارەوە قسەی لەگەڵ هاوتا تورکمانستانیەکەی کردووە، بەڵام دواکەوتنی گەیشتنی غازی تورکمانستان، بەهۆی کۆمپانیای نێوەندگیرەوە بووە."

 

 
 
 
Fly Erbil Advertisment