جەمیل بایک: پێویستە هەڵومەرجی گونجاو بۆ بەستنی کۆنگرەی پەکەکە بڕەخسێنرێت

هاوسەرۆکی کەجەکە بە پێویستی دەزانێت، هەڵومەرجی گونجاو بۆ بەستنی کۆنگرەی پەکەکە بڕەخسێنرێت. ڕێککەوتنەکەی هەسەدە و حکوومەتی سووریاش بە "دەستپێکێکی باش" ناو دەبات. 

جەمیل بایک، هاوسەرۆکی پارتی کۆما جڤاکێن کوردستانێ (کەجەکە) کە لە هەمان کاتدا یەکێکە لە دامەزرێنەرانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا، باسی لە پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان و پەیامەکەی عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە کرد. 

جەمیل بایک وەک ئاماژەیەک بۆ ڕاگیرانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لەلایەن تورکیا، ڕایگەیاند "پێویستە هەڵومەرجی تایبەت لەپێناو بەستنی کۆنگرەی پەکەکە بڕەخسێنرێت. ئەگەر ئەمە بکرێت، کۆنگرە دەبەسترێت و بڕیارەکانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان جێبەجێ دەکرێن." ئەوەشی خستە ڕوو: "هەندێک لایەن لە تورکیا هەن هەوڵی نانەوەی پشێوی دەدەن."

لەبارەی ڕێککەوتنەکەی مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناغی ڕاگوزەری سووریا، هاوسەرۆکی کەجەکە گوتی: "ڕێککەوتنەکە دەستپێکێکی باشە."

پێنجشەممە 27ـی شوباتی 2025، شاندی ئیمڕالی دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، پەیامی ئۆجەلانیان بە هەردوو زمانی کوردی و تورکی خوێندەوە.

ئەحمەد تورک، سەرۆکی لەکارلادراوی گەورەشارەوانیی مێردین، پەیامی ئۆجەلانی بە زمانی کوردی خوێندەوە کە تێیدا هاتبوو "پەکەکە کاتێک دامەزرا کە ڕێگەی دیموکراسی گیرابوو، هەروەها پێویستە زمانی ئاشتی و دیموکراسی پێش بخرێت." لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا هاتبوو "پێویستە پەکەکە چەک دابنێت، کۆنگرە ببەستێت و خۆی هەڵبوەشێنتەوە. بەرپرسیارەتیی ئەم بڕیارە لە ئەستۆ دەگرم."

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment