ترەمپ: بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادەین ئێران چەکی ئەتۆمی دروست بکات

دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا
دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا

پێگه‌ی هه‌واڵی ئه‌كسیۆس ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا له‌ نامه‌كه‌یدا كه‌ بۆ ڕێبه‌ری كۆماری ئیسلامیی ئێران ناردوویه‌تی، ماوه‌ی دوو مانگ مۆڵه‌تی داوه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ ڕێككه‌وتنی ئه‌تۆمی.

چوارشه‌ممه‌، 19ـی ئاداری 2025، پێگه‌ی هه‌واڵی ئه‌كسیۆس بڵاوی كرده‌وه‌ "دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا له‌ نامه‌كه‌یدا كه‌ بۆ عه‌لی خامنه‌یی، ڕێبه‌ری كۆماری ئیسلامیی ئێران ناردوویه‌تی، ماوه‌ی دوو مانگ مۆڵه‌تی داوه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ ڕێككه‌وتنی ئه‌تۆمی."

پێگه‌ی هه‌واڵی ئه‌كسیۆس ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه‌ "تره‌مپ هۆشداریی به‌ خامنه‌یی داوه‌ و پێی ڕاگه‌یاندووه‌ ئه‌گه‌ر له‌ به‌رنامه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌یان به‌رده‌وام بن، ڕووبه‌ڕووی چاره‌نووسێكی خراپ ده‌بنه‌وه‌.

7ـی ئاداری 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز، ڕایگەیاند "لە بارەی ڕێککەوتن لەسەر پرسی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران، نامەیەکی بۆ عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێرانی ناردووە."

دۆناڵد ترەمپ گوتی: لە نامەکەدا هیوام خواست کە بێن دانوستاندن لە بارەی پرسی ئەتۆمی بکەن، چونکە ئەمە تاکە ڕێگەیە کە بۆ ئێران باش بێت.

ترەمپ ڕاشیگەیاند، بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادەن، چەکێکی تری ئەتۆمی دروست ببێت.

سەرۆکی ئەمەریکا ئاماژەشی دا، ئێران بۆ چارەی ئەو پرسە، دوو ڕێگەی لە بەردەستە، ئەوانیش یان لە ڕێگەی سەربازییەوە دەبێت، یانیش بەشێوەی ڕێککەوتن. گوتیشی: من ڕێگەی ڕێککەوتنەکەم پێ باشترە، چونکە نامەوێت ئازاری ئێران بدەم.

 
Fly Erbil Advertisment