هێمن سەید موراد: ڕێگەمان داوە چەند بەرهەمێک هاوردە بکرێن

ئەمڕۆ یەکشەممە، 30ـی ئاداری 2025، هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24 ڕایگەیاند، ئەو بەرهەمانەی ڕێگەیان پێ دەدرێت هاوردە بکرێن زیاتر ئەوانەن کە لە هەرێمی کوردستان هەندێکیان وەکو پێویست بەرهەم ناهێنرێن.
ئەو بەڕێوەبەرە دەڵێت: ئەو بەرهەمانەی ڕێگەیان پێ دەدرێت هاوردە بکرێن وەک پرتەقال، لالەنگی و مۆز و چەند میوەیەکی دیکەیە کە وەکو پێویست بەرهەمهێنانیان سەختە یاخود کەشوهەوای کوردستان بەپێی پێویست لەبار نییە بۆ ئەو جۆرە میوانە، ئێمە لای خۆمانەوە کار ئاسانی دەکەین بۆ بەشێكی ئەومیوانە.
دەشڵێت: بەربوومەکانی دیکەش، ئێمە تەماتەی ناوخۆمان هەیە پێویستی ناوخۆ پڕناکاتەوە، لە پاڵ ئەوەشدا ڕێگە دەدەین بە هاوردەکردنی و داوامان کردووە هاوردەکردنی بکرێتەوە، بۆ ئەوەی هاوسەنگییە ڕابگیرێت و بارگرانی لەسەر شانی هاووڵاتیان دروست نەبێت.
هێمن سەید موراد ڕاشیگەیاند "پەتاتەی ناوخۆش بەرەو کەمی دەچێت، ئەو پەتاتەی کە هەیە لەناو بەرادەکان هەڵگیراون دێنە ناو بازاڕ، ئەویش وا کەم دەبێتەوە، داوامان کردووە لەو مانگەدا تا کۆتایی مانگی نیسان ڕێگە بە هاوردەکرنی چەند بەرهەمێک بدرێت."
دەشڵێت: بەرهەمەکانی دیکەش کە لە ناوخۆ بەرهەم دەهێنرێن، وەک لەهانە، شێلم، سلق، توور بەرهەمی ناوخۆ پڕدەکاتەوە و پێویستی بە هاوردەکردن نییە.