لاریجانی: لە ئەگەری هێرشی ئەمەریکا و ئیسرائیل ناچارین بۆمبی ئەتۆم دروست بکەین

عەلی لاریجانی ڕاوێژکاری عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران دەڵێت: ئەگەر ئەمەریکا یان ئیسرائیل بە پاساوی چەکی ئەتۆمی هێرشی سەر ئێران بکەن، ئەو کاتە ئێران ناچارە بەرنامەی ئەتۆمییەکەی بۆ بەرهەمهێنانی بۆمبی ئەتۆمی بگۆڕێت.

ئاژانسی فەرمی کۆماری ئیسلامی ئێران لە زاری لاریجانی بڵاویکردووەتەوە، ئێران لەنێوان زلهێزەکاندا پێگەیەکی نایابی گرتووە و زۆربەی وڵاتانی ڕۆژئاوایی خوازیارن پەیوەندییەکی سەربەخۆیان لەگەڵ تاران هەبێت، بەڵام بەهۆی فشارەکانی ئەمەریکا ناتوانن.

گوتیشی: ئەگەر ئەمەریکا یان ئیسرائیل بەرنامەی ئەتۆمی بکەنە پاساوی هێرشەکانیان، ئەو کاتە ئێران ناچارە بەرنامەکەی بە ئاراستە دروستکردنی چەکی ئەتۆمی بگۆڕێت و خەڵکی ئێرانیش مکوڕن لەسەر ئەوەی بەرەو دروستکردنی چەکی ئەتۆمی بچین.

لە بارەی دانوستانی ڕاستەخۆشەوە دەڵێت: دانوستانی ڕاستەوخۆ تەنیا بۆ تێگەیشتنە لە داواکارییەکانی لایەنی بەرانبەر و دەستکەوتەکانی ئەوانە، جیا لەمەش زۆربەی سیاسییەکانی جیهان بەجۆرێک لە شێوازی دەربڕینەکانی ترەمپ تێدەگەن.

هەروەها ئاماژەیداوە، کردەی سەربازی دژ بە ئێران هەروا ئاسانی و کاردانەوە نابێت، هەرچەندە فەتوای ڕێبەری باڵا دروست نەکردنی چەکی ئەتۆمییە، بەڵام ئەگەر ئەمەریکا هەڵەیەک بکات، بە دڵنیاییەوە کۆماری ئیسلامی ئێران لە ژێر فشاری هاووڵاتییانی ناچار بە دروستکردنی بۆمبی ئەتۆم دەبێت.

لاریجانی دەڵێت: گرووپەکانی بەرەی مقاوەمە بەردەوام لە هەوڵی خۆ ڕێکخستنەوە و بەهێزکردندان، چونکە باوەڕیان بە ئاگربەستی شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل نییە، هەربۆیە ئەگەر ئەمەریکا ژیر بێت هێرشی سەر یەمەن ناکات، چونکە لە بەرژەوەندی ئەمەریکا نییە شەڕ لەگەڵ یەمەن بکات.

هەر ئەمڕۆ دۆنالد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا رایگەیاند: بەشەو و ڕۆژ لە حووسییەکان دەدەین و حووسییه‌كان هێشتا ئازاره‌ به‌ ئێشه‌كه‌یان به‌رنه‌كه‌وتوو و له‌ سه‌ره‌تای ده‌ستپێكی ئه‌و ئازاره‌دان و تاوه‌كوو هه‌ڕه‌شه‌كانیان كۆتایی پێ دێت، هێرشه‌كان به‌رده‌وام ده‌بن ئه‌وه‌ی ڕووبه‌ڕوویان ده‌بێته‌وه‌ زۆر گه‌وره‌تره‌. ده‌شڵێت، پشتیوانه‌كانیشیان له‌ ئێران هێشتا ئه‌و ئازاره‌ قورسه‌یان به‌رنه‌كه‌وتووه.

 
 
Fly Erbil Advertisment