کۆلێژی هونەرەجوانەکانی زانکۆی سەڵاحەددین خەڵاتێکی زێڕینی بەدەست هێنا

کورتە فیلمێکی بەشی سینەما و شانۆی کۆلێژی هونەرەجوانەکانی زانکۆی سەڵاحەدین هەولێر خەڵاتێکی زێڕینی لە بەغدا بەدەست هێنا.
سێشەممە،1ـی نیسانی 2025، سامان عەبدوڵلا، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی زانکۆی سەڵاحەدین بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: کورتە فیلمی هیتفۆن، لە بەشی سینەما و شانۆی کۆلیژی هونەرەجوانەکانی زانکۆی سەڵاحەدین خەڵاتی زێڕینی بەدەست هێنا و لەلایەن هێڤار عومەر و بە بەشداری مامۆستایان و قوتابییانی بەشی سینەما و شانۆ بەرهەم هاتووە.
سامان عەبدوڵلا گوتیشی: دیداری سینەمایی لاوان لە بەغدا بەڕێوە چوو لەمانگی ڕەمەزاندا و فیلمی هیتفۆن لەلایەن لێژنەی تایبەتی دیدارەکە خەڵات کرا و ناوەڕۆکی فیلمەکە باسی لە دەنگهەڵگرێکی سینەما و شانۆی بەرهەم هاتوو دەکات کە لەسەر سێتی فیلمی سینمایی ئاشقی کچە ئەکتەرێکە و و ئەم تۆماری دەنگەکان دەکات و دەنگی ئەم کچە جیا دەکاتەوە گوێی لێ دەگرێ، تا ڕۆژێک ڕووداوێک ڕوو دەدات ئەم دەنگهەڵگرە لەڕێی دەنگەوە ڕووداوەکە ئاشکرا دەکات.
ئەم کورتە فیلمە 25کەس وەک ستاف کاریان تێدا کردووە.