گەشتیاری نەورۆزیی کرماشان نزیکەی 25% گەشەی کردووە

بەڕێوەبەری گشتیی میراتی کولتووری و گەشتیاریی پارێزگای کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕایگەیاند، لە ڕۆژی 17ی ئادارەوە تا 2ی نیسانی 2025، زیاتر لە یەک ملیۆن و 700هەزار گەشتیاریی نەورۆزی سەردانی شوێنەوارە مێژوویی و گەشتیارییەکانی پارێزگاکە کردووە.

داریووش فەرمانی، بە میدیای ئێرانی ڕاگەیاندووە، بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو 24.4% هاتنی گەشتیاران زیادی کردووە و زۆرینەشیان سەردانی شوێنەوارە مێژووییەکانی کێوی بێستوون، تاقوەسان، پەرستگەی ئاناهیتا، تەکیەی بیگلەربەگ و تەکیەی موعاونولموڵکیان کردووە.

دەشڵێت: لە دوو هەفتەدا 234 هەزار و 162 گەشتیاری نەورۆزی سەردانی شوێنەوارە مێژووییەکانیان کردووە، کە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو 32% زیادیان کردووە.

داریووش فەرمانی، ئاماژەی دا "لەو ماوەیەدا 99.2%ی هۆتێل و مۆتێل و میوانخانەکانی کرماشان پڕ بوون لە گەشتیار."

پارێزگای کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان چوار هەزار 200 ناوچەی شوێنەواریی تۆمارکراو هەن، کە بەشێک لە شوێنەوارەکان تاوەکوو ئێستا لەلایەن ڕێکخراوی یونیسکۆوە تۆمار نەکراون، دیارترینیان تاقی گەرا، مەزارگەی ئیسحاق وەند، پارکی شاخاوی، دەریاچەی گوڵەکانی نیلۆفەر، شوێنەوارەکانی هەرسین، سەحنە و ڕوانسەر ، ئەشکەوتی قەڵای قۆری، ئەشکەوتی پەروا، کاروانسەرای شا عەباس، تاقگەی پیران و مایەشتە، کە ساڵانە لە جەژنی نەورۆز و کاتەکانی دیکەدا گەشتیارانی ڕۆژ‌هەڵاتی کوردستان و ئێران و گەشتیاری بیانی سەردانیان دەکەن.

 

 
 
 
Fly Erbil Advertisment