ئەمەریکا هاوسەرگیریی لەگەڵ هاووڵاتیانی چینی لە دیپلۆماتکارەکانی قەدەغە دەکات

ئەمەریکا هاوسەرگیری یان پەیوەندیی سۆزداری لەگەڵ هاووڵاتیانی چینی لە دیپلۆماتکارەکانی قەدەغە دەکات.

 حکوومەتی ئەمەریکا سنوورێک بەسەر کارمەندانی دیپلۆماسی و سەربازیی وڵاتەکەی لە چین سەپاندووە و ڕێنمایی توندی دەرکردووە کە بەهەموو شێوەیەک پەیوەندیی سۆزداری یان سێکسی یاخود هاوسەرگیری لەگەڵ هاووڵاتیانی چینی قەدەغەیە.

بەگوێرەی سەرچاوە ئاگادارەکان، نیکۆلاس بێرنزی، باڵیۆزی پێشووی ئەمەریکا ڕایگەیاندووە "لە مانگی یەکی ئەم ساڵدا ئەم سیاسەتە دەستی پێ کردووە. قەدەغە کردنەکە سەرەتا بە کارمەندانی ئەمنیی و کارمەندانی باڵیۆزخانەی چین دەستی پێ کرد، دواتر فراوان بوو بۆ ئەوەی هەموو هاووڵاتیانی چینی بەبێ جیاوازی بگرێتەوە."

ئەم قەدەغەکردنە چاودێرانی تووشی سەرسوڕمان کردووە، بەتایبەتی کە دیپلۆماتکارە ئەمەریکییەکان لە سەرانسەری جیهاندا بە پەیوەندییە سنووربەزێنەکانیان ناسراون، هەندێک جار پەیوەندییەکە بە هاوسەرگیری کۆتایی دێت.

واشنتن بە شێوەیەکی جیاواز سەیری چین دەکات، پەیوەندییە کەسییەکان دەبنە گۆڕەپانێکی ئەگەری بۆ ململانێی ئەمنیی. لە نێوان پەرەسەندنی گرژییەکانی نێوان هەردوو زلهێزەکەدا، ئەم هەنگاوە ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ گومانێکی قووڵی ئەمەریکا بەرامبەر بە هەر پەیوەندییەکی کەسی لەگەڵ چینییەکان.

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment