ڕاوێژکارێکی سەرۆک وەزیران: باجەکانی ئەمەریکا کەرتی وزەی عێراق ناگرێتەوە

فەرهاد عەلائەددین، ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق، وێنە 'ئەرشیف'
فەرهاد عەلائەددین، ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق، وێنە 'ئەرشیف'

ڕاوێژکارێکی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، ئەو باجانەی دۆناڵد ترەمپ بەسەر وڵاتانیدا سەپاندووە، کەرتی وزەی عێراق ناگرێتەوە.

پێنجشەممە، 3ـی نیسانی 2025، فەرهاد عەلائەددین، ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ پەیوەندییەکانی دەرەوە، بە میدیای ناوخۆی ڕاگەیاند، ئەو باجانەی دۆناڵد ترەمپ بەسەر وڵاتاندا سەپاندوویەتی، هەناردەی وزەی عێراق ناگرێتەوە.
فەرهاد عەلائەددین گوتیشی: هەناردەکانی وزەی عێراق بە نەوتی خاویشەوە، لەناو ئەو باجانەدا نییە کە ترەمپ سەپاندوویەتی، ئاماژەی بەوەش داوە، کاریگەریی ئابووریی باجەکانی ئەمەریکا لەسەر عێراق سنووردارە."

ڕاوێژکارەکەی سەرۆک وەزیران باسی لەوەش کرد "هاوبەشی ستراتیجیی نێوان عێراق و ئەمەریکا پتەو و بەهێزە." دەشڵێت: عێراق بەردەوامە لە پابەندبوونی خۆی بە هاوکارییەکان لەگەڵ ئەمەریکا لە کەرتە جیاوازەکاندا.

چواشەممە 2ـی نیسانی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆشکی سپی ڕایگەیاند، فەرمانێکی مێژوویی ئیمزا دەکات کە لە 9ـی نیسانەوە گومرگ بەسەر تەواوی وڵاتاندا دەسەپێنێت، هەموو ئەو وڵاتانەش بە بەپرسیار دەزانێت کە مامەڵەی خراپیان لەگەڵ ئەمەریکا کردووە.

گوتیشی: ئەمە یەکێکە لە گرنگترین ڕۆژەکان لە مێژوویی ئەمەریکادا، ئەمە سەردەمی زێڕینی ئەمەریکایە، ئەمڕۆ ڕۆژی سەربەخۆیی ئابووریی ئەمەریکاییە.

سەرۆکی ئەمەریکا بڕیاریشی دا بە ڕێژەی 10% پێناسەی گومرگی بەسەر هەموو کەلوپەل هاوردەکانی ئەمەریکادا بسەپێنێت، هاوکات بە ڕێژەی 25% پێناسەی گومرگی بەسەر ئۆتۆمبێل و کۆمپیوتەر و لاپۆتۆپ دەسەپێنێت، کە لە دەرەوەی ئەمەریکا دروست دەکرێن.

دۆناڵد ترەمپ ئاماژەشی دا، ئەورووپا لە کاتێکدا هیچ بەرهەمێکی ئەمەریکا هاوردە ناکات، کەچی گومرگیان بەسەر ئێمەدا سەپاندووە،  بۆیە بە ڕێژەی 20% گومرگ بەسەر ئەورووپا دەسەپێنین.

هەر لە بڕیارە تازەکەیدا گومرگی بە ڕێژەی 34% چین، 24% یابان، 31% سویسرا، 46% ڤێتنام، 32% تایوان، 26% هیندستان، 25%، کۆریای باشوور و چەندین وڵاتی دیکەدا سەپاند. بە پێچەوانەی بەشێک لە وڵاتان ترەمپ ڕێژەی گومرگی سەپێندراوی سەر عێراقی لە 78% بۆ 39% کەم کردەوە.

هەروەها ئاماژەشی دا، کورتهێنانی ئابووری لە ساڵی ڕابردوودا گەشتبووە یەک ملیار و 200 ملیۆن دۆلار، ئەم پێناسە گومرگیانە ئابووری ئەمەریکا بەهێز دەکەنەوە.

ترەمپ گوتیشی: 50 ساڵە لەڕووی بازرگانییەوە ئەمەریکا فریو دەدرێت، بەڵام ئیتر وڵاتان ناتوانن بەردەوام بن.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment