بارەگای مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک-گەرمیانی پارتی لە کەرکووک دەکرێتەوە

دوای ڕووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەر، بارەگای مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک-گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە گەڕەکی عەرەفە لە شاری کەرکووک دەکرێتەوە، بەرپرسانی مەکتەبەکەش دەڵێن: دەبینە مایەی تەبای و ئاشتی و پێکەوە ژیان لە کەرکووک.
دوای تێپەڕینی نزیکەی هەشت ساڵ بەسەر ڕووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەر، بارەگای مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک-گەرمیانی پارتی کاتژمێر 11ـی پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە 5ـی نیسانی 2025 بە ئامادەبوونی بەرپرسانی باڵای پارتی، لە گەڕەکی عەرەفەی کەرکووک دەکرێتەوە.
دێدەوان کوێخا جەلال، ئەندامی مەکتەبی ڕێکخستنەکە دەڵێت: ئەمڕۆ دوای نزیکەی هەشت ساڵ بەسەر ڕووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەر، بارەگای مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک-گەرمیانی پارتی دەکەینەوە، دڵنیابن ئێمە دەبینە مایەی تەبای و ئاشتی و پێکەوە ژیان لە شاری کەرکووک، بە پشتیوانی خوای گەورە خزمەتێکی زۆر بە شاری کەرکووک دەکەین.
ئەمە لـە کاتێکدایە، پێش کردنەوەی بارەگای مەکتەبی ڕێکخستنی کەرکووک – گەرمیانی پارتی، لە تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردوو، بارەگای لقی سێی پارتی لە کەرکووک کرایەوە، کردنەوەی هەردوو بارەگاکە، لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەتە بۆ پێکێهێنانی حکوومەتی عێراق بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی.
دوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەر، هێزە عێراقییەکان دەستیان بەسەر بارەگاکانی پارتی لە کەرکووکدا گرتبوو، بەوهۆیەوە پارتی هەموو چالاکییە حزبییەکانی لە سنووری ئەو پارێزگایە ڕاگرتبوو، بەشداری هیچ هەڵبژاردنێکیشی نەکرد.