ئەم وەرزە دوایین وەرزی ڤینیسیوس دەبێت لە ریاڵ مەدرید

هەموو ئاماژەکان بۆ ئەوەن ئەم وەرزە دوایین وەرزی ڤینیسیۆس جونیۆر بێت لەگەڵ ریاڵ مەدرید، یەکێک لە هۆکارە سەرەکیەکانیش ناڕەزایەتی هاندەرانی یانەکەیە لە ئاستی یاریزانە بەڕازیلیەکەیان.
رۆژنامەی وەرزشی مارکای ئیسپانی زانیاری دەستکەوتووە، فلۆرێنتینۆ پێرێز سەرۆکی یانەی ریاڵ مەدرید، بیر لەوە دەکاتەوە هاوینی داهاتوو دەستبەرداری ڤینیسیۆس جونیۆر هێرشبەری بەڕازیلی یانەکەی بێت و چاوەڕێ ئۆفەری یانە سعوودیەکان دەکات.
یەکێک لەو هۆکارانەی وایکردووە سەرۆکەکەی مێرنگی بیر لە بەرێکردنی ڤینیسیۆس بکات، هەماهەنگی و پەیوەندیەکانی ئەو یاریزانە لەگەڵ کیلیان ئێمباپێ هێرشبەری فەڕەنسیە، لەبەر ئەوەی هەوڵێکی زۆردراوە بۆ ئەوەی ئەو دوو یاریزانە پەیوەندیەکی باشیان هەبێت، بەڵام بەردەوام ڤینی خۆی لەم پەیوەندیە دزیوەتەوە.
مارکا باس لەوە دەکات یەکێک لەو هۆکارانەی وایکردووە ڤینیسیۆس نەیەوێت پەیوەندی و هەماهەنگی لەگەڵ ئێمباپێ هەبێت، خەڵاتی باڵۆن دۆرە، چونکە یاریزانە بەڕازیلیەکە باش دەزانێت لە ئەگەری بەرزبونەوەی ئاستی رکابەرە فەرەنسیەکە، بە ئاسانی خەڵاتی باڵۆن دۆر لەدەست دەدات.
یەکێکی دیکە لە هۆکارەکان ئەوەیە، فلۆرێنتینۆ پێرێز سەرۆکی یانەی ریاڵ مەدرید، نایەوێت بۆ هاوینی داهاتوو دەست لە خەزێنەی یانەکەی بدات بۆ گواستنەوەی چەند یاریزانێکی نوێ و دەیەوێت بە پارە خەیاڵیەکەی ڤینی، پێکهاتەی یانەکەی بەهێز بکات.
هاوینی رابردوو دەنگۆیەکی بەهێز بڵاوبووەوە گوایە بەرپرسانی سعوودی، ئۆفەرێکی یەک ملیار یۆرۆییان پێشکەش بەرپرسانی ریاڵ مەدرید کردووە، لە پێناو گواستنەوەی ڤینیسیۆس جونیۆر، بەڵام هیچ کاتێک ئەم دەنگۆیانە نەبوونە فەرمی.
لە دوایین یاری ریاڵ مەدرید بەرامبەر ڤالێنسیا، ڤینیسیۆس جونیۆر نەیتوانی ئاستێکی باش پێشکەش بکات، هەر ئەمەش بووە هۆی ئەوەی چەندینجار هاندەرانی یانە شاهانەکە فیکەی ناڕەزایەتی بەرامبەر ئەو یاریزانە لێبدەن.