هەر شەش خولەک جارێک تەلەفۆن بۆ فریاگوزاریی ورمێ کراوە

%83 تەلەفۆنەکان بۆ گاڵتەجاڕی بوون

لە ڕۆژانی پشووی نەورۆزی ئەمساڵدا زیاتر لە پێنج هەزار تەلەفۆن بۆ تیمەکانی فریاگوزاری کراوە،  بەڵام %83 تەلەفۆنەکان بۆ هەراسان کردنی ناوەندی فریاگوزاری و گاڵتەجاڕی بوون. 

فەرزین ڕەزازادە، سەرۆکی فریاگوزاریی پارێزگای ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێت: لە ڕۆژانی پشووی نەورۆزی ئەمساڵدا لە 15 ئادار تاوەکوو 5ی نیسانی 2025، واتەی لە 20 ڕۆژدا پێنج هەزار 337 تەلەفۆن بۆ ناوەندی چالاکی و ئۆپەراسیۆنەکانی فریاگوازیی پارێزگای ورمێ کراوە، کە بە تێکڕا لە هەر شەش خولەکدا پەیوەندییەک وەرگیراوە و وەڵامی دراوەتەوە.

هەروەها ئاماژەیداوە، لەو ژمارە زۆرەی تەلەفۆنیان بۆ فریاگوزاریی ورمێ کردووە، 870 پەیوەندیی تایبەت بوون بە ڕووداوی هاتوچۆوە، ئەگەرنا چوار هەزار و 446 پەیوەندیی تەلەفۆنی بۆ گاڵتەجاڕی و هەراسان کردنی تیمەکانی فریاگوزاری بوون، کە بەشێوەیەکی گشتیی ڕۆژانە 200 پەیوەندیی گاڵتەجاڕی وەڵام دراوەتەوە.

ڕەزازادە دەڵێت: لە ڕووداوەکاندا 10 حاڵەتی مردن لەلایەن تیمەکانی فریاگوزاری تۆمارکراون لەگەڵ برینداربوونی هەزار 515 کەسی دیکە، کە هەزار و 277 کەس لە بریندارەکانی لەلایەن تیمەکانی فریاگوزاری گواستراونەتەوە ناوەندە تەندروستییەکان، هەروەها 228 برینداریش لە شوێنی ڕووداوەکان چارەسەری پێویستیان بۆ کراوە

 
 
Fly Erbil Advertisment