بانگدانی ڕاستەوخۆ لە 308 مزگەوتی سلێمانی دەست پێدەکات

ڕێکخستنی بانگدان بەشێوەیی ڕاستەوخۆ لە مزگەوتەکانی سلێمانی دەست پێدەکات و لە هەرێمی کوردستان لە دوو هەزار و 410مزگەوت بەشێوەیی ڕاستەوخۆ بانگ دەدرێت.
هەینی، 11ـی نیسانی 2025، نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: پڕۆژەی بانگدانی ڕاستەوخۆ لە مزگەوتەکانی سلێمانی ئێستا لە قۆناغی تەواوبوون دایە و لەچەند ڕۆژی داهاتوودا وەک قۆناغی سەرەتا لە 308 مزگەوت لەیەک کاتدا بانگ دەدرێت بەشێوەیەکی راستەوخۆ.
نەبەز ئیسماعیل باسی لەوەش کرد، لە ئێستادا لە سەرجەم مزگەوتەکانی هەرێمی کوردستان بانگدان بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆیە تەنیا سلێمانی ماوە، لە ئایندەیەکی نزیک سەرجەمی ڕێکدەخرێتەوە.
ئەمە لەکاتێک دایە ڕۆژی چوارشەممە 9ـی نیسان 2025، بەڕێوەبەرایەتیی ئەوقافی سلێمانی لە پڕۆژەیەكدا بەناوی "پڕۆژەی بانگبێژی شار"، ڕایگەیاندووە: بانگی سەرجەم مزگەوتەكانی شاری سلێمانی یەكدەخەن و داوای لە سەرجەم بانگبێژە دەنگخۆشەكان کردووە، ئەوانەی خوازیارن بەشدار بن لەو پڕۆژەیە، پێوەندیی بە لێژنەی هەڵسەنگاندنەوە بكەن و کۆتا بەراور بۆ خۆ تۆمارکردن 14ـی ئەم مانگەیە.
بانگبێژەکان بەشداری خولی تایبەتی دەنگخۆشی دەکەن و بەخۆشترین ئاواز ڕۆژانە بانگ دەدەن.
بەگوێرەی ئەو ئامارەی گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی دا، بانگدانی ڕاستەوخۆ لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان بەم شێوەیە:
پارێزگای هەولێر بە ئیدارە بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانەوە هەزار و 241 مزگەوت.
سلێمانی قۆناغی یەکەم 308 مزگەوت.
پارێزگای دهۆک بەتەواوی 385 مزگەوت.
ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ 136مزگەوت
ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەرین 338 مزگەوت.