سەعدی پیرە بۆ کوردستان24: مەلا کوردەکان دەستیان کردووەتەوە

سەعدی پیرە، گوتەبێژی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە پێشانگەی نێودەوڵەتی هەولێر بۆ کتێب بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: لەو کتێبانەی بابەتی ئیسلامین، مەلا کوردەکان دەستییان کردووەتەوە، لە ڕوانگەی ئیسلامەوە سەیری پرسی کورد بکەن، دەشڵێت: کردنەوەی پێشانگەیەکی لەو شێوەیە تەنها لە هەولێر و کوردستان مومکینە.

هەینی 11ـی نیسانی 2025، سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە پێشانگەی نێودەوڵەتی هەولێر بۆ کتێب بەناونیشانی( جیهان بە کوردی دەدوێت)کە چوارشەممە 9ـی نیسانی 2025 لەلایەن سەرۆک بارزانییەوە کرایەوە، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: بەنێو پێشانگەکەدا گەڕایەوە، کتێبی زۆری بینیووە، لەوانە ڕۆمان و کتێبە ئیسلامییەکان، دەڵێت: لە کتێبە ئیسلامییەکان مەلا کوردەکان دەستیان کردووەتەوە لەوەی لە ڕوانگەی ئیسلامەوە سەیری پرسی کورد بکەن.

سەعدی پیرە لەبارەی کتێبی مەلا کوردەکانەوە دەڵێت: دیارە بۆشاییەک لەو بوارەدا هەبووە، بۆیە پڕیان کردووەتەوە، لەبارەی پێشانگەکەش دەڵێت: پێشانگایەک بەم شێوەیە، بەم هەموو بەشدارییە، لەوپەڕی چەپ، تاکوو ئەوپەڕی مەزهەبی، کارێکی زۆر باشە و تەنها ئەوە لە هەولێر مومکینە، لە کوردستان مومکینە، چونکە لە کوردستان خەڵک ئازادە چ کتێبێک دەکڕێت و چ کتێبێک دەخوێنێتەوە.

 

 
 
 

Fly Erbil Advertisment