سوودانی بۆ چەند پرسێک سەردانی مەسقەت دەکات

سەرچاوەیەک لە حکوومەتی عێراق ڕایگەیاند، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بەم نزیکانە سەردانی سەڵتەنەتی عوممان دەکات، ئەمەش لە وەڵامی بانگهێشتێکی فەرمی سوڵتان هەیسەم بن تاریقە.
یەکشەممە، 13ـی نیسانی 2025، سەرچاوەیەک لە حکوومەتی عێراق بە میدیایەکی عێراقی ڕاگەیاندووە "سەردانەکەی محەممەد شیاع سوودانی بۆ مەسقەت، بە ئامانجی پتەوکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵاتە، جگە لە تاوتوێکردنی هەندێک بابەتی گرنگ بەتایبەت گرژییەکانی ناوچەکە بەهۆی هەڕەشەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل بۆ لێدانی ئێران، لە ئەگەری کۆتایی نەهێنانی بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی، ئەمە جگە لە باسکردنی دۆسیەکانی غەززە و سووریا."
ئاماژەی بەوەش داوە "وەزیری دەرەوەی عوممان، بەدر بن حەمەد ئەلبوسەعیدی، بانگهێشتێکی فەرمی پێشکەشی سوودانی کردووە، بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەسەر پرسە هاوبەشەکان و دۆسییە هاوبەشەکان بکەن."
ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەش کردووە "سەردانەکە لە چوارچێوەی پتەوکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان عێراق و عوممان دێت، جگە لە بەرزکردنەوەی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان هەردوو وڵات بە تایبەت لە بواری سامانی نەوت و سەقامگیری ئەمنی لە ناوچەکە."