لە بەردەڕەش دەست بەسەر 5 تۆن دەرمانی ماوە بەسەرچوودا گیرا

بەرپرسی لیژنەی قایمقامییەتی شارۆچکەی بەردەڕەش ڕایگەیاند، لەناو کۆگایەکی ساردکەرەوەدا دەست بەسەر پێنج تۆن دەرمانی ماوە بەسەرچوودا گیرا.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 17ـی نیسانی 2025، لیژنەی چاودێریکردنی بازاڕ و قایمقامییەتی بەردەڕەش، لەناو کۆگایەکی ساردکەرەوەدا دەست بەسەر پێنج تەن دەرمانی ماوە بەسەرچوودا گرت، دەرمانەکان لە 11 جۆر پێکهاتبوون و هەندێکیان ماوەیان بەسەر چوو بوو و هەندێکی دیکەشیان قەدەغەکراو بوون.
کامەران بەرزنجی، بەرپرسی لیژنەی قایمقامییەتی شارۆچکەی بەردەڕەش، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "دەرمانەکان لەلایەن بازرگانێکی عەرەبی خەڵکی مووسڵ، هێنراونەتە شارۆچکەی بەردەڕەش."
دەشڵێت: بە بڕیاری دادگا دەست بەسەر هەموو دەرمانەکاندا گیراوە و ئەو کەسەی کە بازرگانی و دەرمانەکانی هاوردە کردووە، دەستگیر کراوە و پۆلیسی شارۆچکەی بەردەڕەشیش لە لێکۆڵینەوە بەردەوامە.