ئەمڕۆ لە هەولێر یادی 39 ساڵەی کۆچی دوایی هێمن موکریانی شاعیر دەکرێتەوە

ئێوارەی ئەمڕۆ 17ـی نیسان 2025، لە هۆڵى سەنتەرى ڕۆشنبیرىی زانکۆى سەڵاحەدین لە هەولێر، یادی 39 ساڵەی کۆچی دوایی هێمن موکریانی شاعیر بەناونیشانی( هێمن، ڕێبوارى ڕێى عیشق و ئازادی ) بە بەشداریی ژمارەیەکى زۆر لە هونەرمەند و ئەدیبانی کوردستان، لە لایەن ڕێکخراوى پەرەپێدانى کارى ڕاگەیاندن بە هەماهەنگى سەنتەرى ڕۆشنبیرى و ئەکادیمیی زانکۆى سەڵاحەددین دەکرێتەوە. بۆ ئەو ڕێوڕەسمەش، شاندێکی هونەرمەندان و نووسەرانی ڕۆژهەڵاتى کوردستان، گەیشتنە هەولێر.
ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، پێشوازیی لە شاندێکی هونەرمەندان و نووسەرانی ڕۆژهەڵاتى کوردستان بە سەرۆکایەتیی سەڵاح پایانیانى کرد کە بۆ بەشداریى لە ( 39 )یەمین ساڵیادى کۆچى دوایی شاعیرى دیار‌ و ناسراوی كوردستان ( هێمن موکریانى ) سەردانى هەولێرى پایتەختیان کردووە.
لە دیدارەکەدا، پارێزگارى هەولێر وێڕاى بەخێرهێنانیان بۆ هەولێرى پایتەخت، ئومێدی خواست ئەو ماوەیەى لە هەولێرن بە ئاسوودەیی و خۆشى بەسەری ببەن، هەروەها کارە هونەرى و ئەدەبییەکانی هونەرمەندان و نووسەرانی ڕۆژهەڵاتى، بەتایبەتى شاکار و کارە ئەدەبییەکانى شاعیرانى مەزنی گەلەکەمان ( هێمن و هەژار)ى بەرز نرخاند، هیواى سەرکەوتنیشى بۆ بەشداربووانى ڕێوڕەسمى ( 39 )یەمین ساڵیادى کۆچى دوایی شاعیرى دیار و گەورەى گەلەکەمان ( ێمن موکریانى) خواست و ئامادەیی هەموو هاوکارى و هەماهەنگی و کارئاسانییەکی نیشان دا.
دواتر شاندى میوان، کورتەیەکیان لە بارەى کار و بەرهەمە ئەدەبی و هونەرییەکانى خۆیان باس کرد، پاشان گفتوگۆ لە بارەى گه‌شه‌پێدانى هونه‌ر و ئەدەبی کوردى بەگشتی كرا و جه‌خت لە پێویستى بایه‌خدانی زیاتر به ‌ داهێنانى هونه‌ری هونەرمەندانى كوردستان كرایه‌وه‌.

 
Fly Erbil Advertisment