ئێران.. گرفتی کەمیی کارەبا سەرهەڵدەداتەوە

وەزیری وزەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، عەباس عەلی ئابادی، دەڵێت، ئەگەر هاووڵاتییان هاوکار نەبن، ناچارین بە شێوەی کاتیی پێدانی کارەبا کەم بکەینەوە.
عەلی ئابادی، لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێری ئاژانسی فەرمی ئیرنا، سەبارەت بەوەی ئایا ئەمساڵ خشتەی بچڕانی تەزووی کارەبامان دەبێت یانا نا؟ گوتی: هیوادارم ناچاری ئەوە نەبین، بەڵام ئەگەر هاووڵاتیان لەخراپ بەکارهێنانی کارەبا بەردەوام بن، ناچار دەبین بە شێوەی کاتیی پێدانی تەزووی کارەبا کەم بکەینەوە.
عەلی ئابادی جەختی کردەوە "دەبێ بەرنامەیەکی پتەو بۆ بەرەنگاربوونەوەی 'خراپ بەکارهێنەرانی کارەبا' دابڕێژین. خراپ بەکارهێنانی کارەبا دەستدرێژییە بۆ سەر مافی گشتیی و سەرجەم هاووڵاتییان."
وەزیری وزەی کۆماری ئیسلامیی ئێران گوتیشی: بە قاچاخ ڕاکێشانی کارەبا بۆ وەگەڕخستنی (ماینەر)ەکان بارگرانییەکی زۆری خستووەتە سەر وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا.
ماینەر، ئەو ئامێرانەن کە کۆدی دراوە ئەلیکترۆنییەکان وەگەڕ دەخەن و پێویستیان بە بڕێکی زۆر کارەبا هەیە.
عەلی ئابادی لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: دۆزینەوەی زیاتر لە 230 هەزار دەستگای ماینەر، بەهیچ شێوەیەک مایەی قبووڵکردن نییە. ئەمە کارێکی نائەخلاقییە و جورێکە لە دزیی. ئێمە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم دیاردەیە، داوامان کردووە یاسایەکی تایبەت بۆ سزادانی ئەو کەسانە دابڕێژرێت.