خەمیس خەنجەر: جیکاری و قەیرانەکان باڵیان بەسەر عێراقدا کێشاوە

سەرۆکی هاوپەیمانی سیادە دەڵێت، هەرێمی کوردستان سەلماندوویەتی لانکەی پێکەوە ژیان و فرەچەشنییە.
چوارشەممە، 23ـی نیسانی 2025، خەمیس خەنجەر سەرۆکی هاوپەیمانی سیادە لە میانەی بەڕێوەچوونی نزای نیشتیمانی لە هەولێر، ڕایگەیاند: هەرێمی کوردستان سەلماندوویەتی خاکی پێکەوەژیانە و فرەچەشنیی تێدایە، هەولێر شاری پێکەوەژیان و برایەتی و خۆشەویستییە، پێویستە ئەم دیدارە ڕۆح بداتەوە بەر عێراق و دووبارە کاری سیاسی ئاراستە بکاتەوە بۆ فرەچەشنی، نەک جیاکاری.
خەمیس خەنجەر گوتیشی: جیاکاری و قەیرانەکان باڵیان بەسەر عێراقدا کێشاوە و ماندوویان کردووە. عێراق لە پێکهاتە جیاوازەکانەوە دروست بووە و پێویستی بە سیاسەتێکە لەگەڵ مێژووییەکەیدا بگونجێت.
سەرۆکی هاوپەیمانی سیادە، باسی لەوەش کرد "ناکرێت ئایین بۆ جیاکاریی بەکار بهێنرێت، پێچەوانەی ئەوەی لە ڕابردوودا بەسەر عێراقدا هاتووە، هەرێمی کوردستان سەلماندوویەتی بە سەرکردایەتی بەڕێز مەسعود بارزانی، لانکەی پێکەوە ژیان و شکۆمەندییە"
کاتژمێر 8:00ـیی بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، 23-04-2025، بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسانی باڵا و سەرکردەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان و جیهان و پەرلەمانتارانی وڵاتان و نوێنەرانی حکوومەتەکان لە ئەمەریکا، ئەورووپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە ژێر دروشمی (بەرەو یەکبوون لە باوەڕدا)، ڕۆژی نزای نیشتمانی لە کوردستان دەستی پێ کرد.