بەهای دیناری عێراق بەرانبەر دۆلاری ئەمەریکی لە بەرز بوونەوە دایە

دۆلاری ئەمەریکی بەرانبەر دیناری عێراقی لە دابەزینە و گوتەبێژی بازاڕی دۆلار فرۆشانی هەولێریش دەڵێت: پێشبێنی دەکرێت بەهای دینار زیاتر بەرز ببێتەوە.
کەیفی خۆشناو، گوتەبێژی بازاڕی دۆلار فرۆشانی هەولێر ئەمڕۆ پێنجشەممە 24ـی نیسانی 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: بەهای دۆلار بەرانبەر دینار لە دابەزینە و ئەمڕۆ 100دۆلاری ئەمەریکی بە 145هەزار و 200دینار ئاڵوگۆڕ و مامەڵەی پێوەکراوە،؛ گوتیشی: بەراورد بە هەفتەیەک لەمەوبەر بەهای هەر 100 دۆلار، دوو هەزار و 500 دینار دابەزیوە و ئەمەش لە ماوەی چوار مانگی ڕابردوودا بەرزترین دابەزینی دۆلار و بەرزبوونەوەی دینارە تۆمار دەکرێت.
هەروەها ئاماژەیدا، پێشبێنی دەکرێت ئەم دابەزینەی بەهای دۆلار بەردەوام بێت.
گوتەبێژی بازاڕی دۆلار فرۆشان دەشڵێت: حکوومەتی فیدراڵ ڕۆژانە 280 ملیۆن دۆلار دەخاتە بازارەوە، بەڵام ئەم گوژمەی دراوی قورس جێگیر نییە، چونکە ڕۆژ هەیە کەمتر دەخاتە بازاڕاوە، لە ئەگەری گۆڕانکاریی زۆر لە بەهای نەوت دا پێشبێنی دەکرێت دۆلار بەرانبەر دینار بەرزببێتەوە.
ماوەی چەند مانگێکە بەهای دۆلاری ئەمەریکی بەرانبەر دیناری عێراقی لە دابەزینە و لە ئەگەری دابەزینی زیاتری دۆلار هاووڵاتییان داوا دەکەن لە بازاڕیش گۆڕانکاریی لە نرخی پێداویستی و شتومەکەکان بکرێت.
لە هەرێمی کوردستان بازاڕەکانی ئاڵوگۆڕی دراو هەفتانە لە ئێوارەی پێنجشەممە دادەخرێن و تاوەکوو بەرەبەیانی یەکشەممەی هەفتەی دواتر ناکرێنەوە، هەربۆیە لە ڕۆژانی پشووی فەرمی هەینی و شەممەکاندا بەهایەکی جێگیری دراوی بینانی، بە تایبەت دۆلاری ئەمەریکی بەجێگیری نامێنێتەوە.