عراقچی بۆ گەڕی سێیەمی دانوستان گەیشتە مەسقەت

گەیشتنی وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ عوممان
گەیشتنی وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ عوممان

وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ گەڕی سێیەمی دانوستان لەگەڵ ئەمەریکا گەیشتە مەسقەتی پایتەختی عوممان و بڕیارە سبەی دانوستانەکانی تایبەت بە بەرنامەی ئەتۆمی بە نێوەندگیری سەڵتەنەی عوممان بەڕێوە بچێت.

ئیسماعیل بەقائی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوی کردووەتەوە، عەباس عراقچی بە سەرۆکایەتیی شاندێکی دیبلۆماتی بۆ بەشداری لە گەڕی سێیەمی دانوستانی تاران – واشنتن گەیشتوونەتە مەسقەت.

هەروەها ئاژانسی مێهری ئێران دیمەنی ساتی گەیشتنی شاندی دانوستانکار و دابەزینی وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی لە فڕۆکە بڵاوکردووەتەوە.

بە گوتەی بەقائی، عراقچی سەرۆکایەتیی شاندێکی تایبەتی دیبلۆماتی و تەکنیکی دەکات و بڕیاری سبەی شەممە بەدر بوسعێدی، وەزیری دەرەوەی عوممان نێوەندگیری دانوستانی ناڕاستەوخۆ بکات.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاندووە، شاندی دانوستانکاری وڵاتەکەی، لە گەڕی ئەمجارەدا پێداگرن لەسەر بە دەستهێنانی گەرەنتی یاسایی بۆ پەرەپێدانی بەرنامەی ناوەکی ئێران، وەک بەرنامەیەکی تەواو ئاشتیخوازانە.

هەروەها ئاماژەیداوە، کۆتایی هێنان بە سزا سەپێنراوە نایاسایی و نامرۆییەکان بە گشتیی و بە پەلە، کاری لە پێشینەی دانوستانی ئەمجارەی شاندی ئێران دەبێت لە عوممان.

ئەمە دەبێتە سێیەمین گەڕی دانوستانی ئێران و ئەمەریکا لە ماوەی سێ هەفتەدا، تەنیا گەڕی دووەم لە ڕۆمای ئیتاڵیا بەڕێوەچوو، چاوەڕوان دەکرێت سبەی لەلایەنی تەکنیکی و لە ئاستی پسپۆرانەوە گفتوگۆ لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی ئێران بکرێت.

شاندی دانوستانکاری ئەمەریکا لەلایەن ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ترەمپ سەرۆکایەتیی دەکرێت و شاندە تەکنیکییەکەشیان لەلایەن مایکڵ ئەنتۆن، بەرپرسی پلانی سیاسی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا سەرۆکایەتیی دەکرێت.

 
Fly Erbil Advertisment