گەرمیان..جۆدرەو دەستی پێ کردووە

جووتیارانی گەرمیان دەستیان بە دروێنەی جۆ کردووە و ناوەڕاستی مانگی داهاتووش دروێنەی گەنم دەست پێ دەکات.
ستار عەلی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی گەرمیان، ئەمڕۆ چوارشەممە، 30ـی نیسانی 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: دروێنەی جۆ لە گەرمیان دەستی پێ کردووە، هەندێ لە جووتیارەکانیش، ئەوانەی گەنمەکانیان پێگەیشتووە، دروێنەی گەنم دەکەن؛ بەڵام ئەوە گشتیی نییە، چونکە لە گەرمیان، دروێنەی گەنم لە ناوەڕاستی مانگی پێنجەوە دەست پێ دەکات.
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی گەرمیان گوتیشی: ئەمساڵ ڕووبەری داچێندراوی زەوی بە گەنم، 420هەزار دۆنمە، بەڵام ناتوانین پێشبینی هێندی بەرهەمەکەی بکەین، ساڵی ڕابردوو 60هەزار تۆن بەرهەمی گەنمی گەرمیان بوو.
ستار عەلی، باسی لەوەش کرد، گەنمی ئەمساڵ ڕووبەڕووی چەند گرفتێک بووەتەوە، لەوانە کەمبارانی و لە سەرەتای مانگی چواریشدا چەند ڕۆژێک سەرمایەکی توند گەرمیانی گرتەوە و زیانی بە بەرهەمی گەنم گەیاند.
ساڵی ڕابردوو وەزارەتی بازرگانیی عێراق زیاتر لە 700 هەزار تۆن گەنمی لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەرگرت، بڕیارە ئەمساڵ تەنها 400 هەزار دۆنم گەنم وەربگرێت.