حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان: پێدانی دۆلار بە نرخی فەرمی حاجییانی هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە

16ـی ئەم مانگە یەکەم کاروانی حاجیانی هەرێمی کوردستان لە ڕێگایی وشکانییەوە بەرەو سعوودیە بەڕێدەکەون و بانکی ناوەندی عێراقیش ڕایگەیاندووە، دۆلار بە نرخی فەرمی بە حاجییانی عێراق دەدات.

کاروان ستوونی گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە 1ـی ئایاری 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت:  بانکی ناوەندی بە نووسراوی فەرمی ڕایگەیاندووە دۆلار بە نرخی فەرمی بە حاجییان دەفرۆشن، بەڵام ئەمە حاجیانی هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە.

کاروان ستوونی ڕایگەیاند: ڕۆژی یەکشەممە بە نووسراوێکی فەرمی داوا لە دەستەی باڵای حەج و عومرەی عێراق دەکەین هەماهەنگی بکەن لەوەی ئەم بڕیارە حاجیانی هەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە، چونکە ساڵانی ڕابردووش ئەم بڕیارە حاجیانی هەرێمی کوردستانی نەگرتەوە.

بانکی ناوەندی 100دۆلار بە 132 هەزار دیناری عێراقی بە حاجییان دەدات.

لەلایەکی دیکەوە بانکی ناوەندی عێراقی ڕایگەیاند: پێنج هەزار دۆلار بە نرخی فەرمی دەداتە هەر هاووڵاتییەک  کە بیەوێت گەشتی دەرەوەی عێراق بکات.

16ـی ئەم مانگە هەزار و 645حاجی بەڕێگایی وشکانی و 19ـی ئەم مانگەش سێ هەزار و 491 حاجی   لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ بەجێهێنانی فەریزەی حەج بەرەو سعوودیە بەڕێدەکەون.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment