ئۆجەلان: هیوای ئاشتیی ئۆندەر هەرگیز نابێت بە تەواونەکراوی بمێنێتەوە

ڕێبەری زیندانیکراوی (پەکەکە) لە پەیامێکدا بۆ کۆچی دوایی سری سورەیا ئۆندەر ڕایگەیاند، ئۆندەر  کەسێکی زۆر شارەزابوو لە گۆڕینی هەموو دۆخە نەرێنییەکان بۆ کەشێکی ئەرێنی و شوناسێکی ڕاستەقینەی ئاشتی بوو. 

شەممە 3ـی ئایاری 2025، عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی (پەکەکە)، پەیامی سەرەخۆشی بۆ سری سورەیا ئۆندەر، ئەندامی شاندی ئیمراڵی لە ڕێگەی (دەم پارتی) بڵاو کردەوە و تێیدا هاتووە، پرسە و سەرەخۆشی خۆم ئاراستەی خانەوادەی و دۆستان و ئازیزان و هەموو گەلەکەمان دەکەم، کۆچی دوایی سری سورەیا ئۆندەری ئازیزمان دڵتەنگی کردین، کەسێکی زۆر بەنرخ بوو، کوڕێکی ڕاستەقینەی گەل بوو.

عەبدوڵڵا ئۆجەلان ئاماژەشی داوە، ناوچەی ئەنادۆڵ، تورکمان و گشت پێکهاتەکانی وڵاتمان هەڤاڵێکی گەورەیان لەدەست دا. 

هەروەها باسی لەوەش کردووە، ڕێزێکی زۆرم بۆ یادەوەرییەکانی هەیە، لە27ـی شوباتی ئەم ساڵ دوایەمین کۆبوونەوەمان بوو، کۆتا ڕستەی بانگەوازەکەم ئۆندەر نووسیبووی و دەیویست خۆی بیخوێنێتەوە.

ڕێبەری زیندانیکراوی (پەکەکە) گوتیشی: سری سورەیا ئۆندەر هەوڵ و کۆششێکی زۆری لەپێناو پێکەوەژیانی ئاشتیانە داوە. هاوکات کەسێکی زۆر شارەزا بوو لە گۆڕینی هەموو دۆخە نەرێنییەکان بۆ کەشێکی ئەرێنی. شوناسێکی ڕاستەقینەی ئاشتی بوو.

لە پەیامەکەیدا ئۆجەلان چەختیشی کردووتەوە، ئۆندەر زۆر باش دەیزانی کە ئاشتی و پرۆسەی ئاشتی سوودی بۆ هەموومان دەبێت، ئەمەش پەرۆشی گەورەی ئەو بوو. ئاماژەشی داوە، ئەم هیوایەی هەرگیز نابێت بە تەواونەکراوی بمێنێتەوە. ئەوەی بۆ هەموومان گرنگە، ڕۆحی ناوبراو بە ئاشتی بگەینین و پرۆسکە بەناوی سری سورەیا ئۆندەر بە ئەنجام بگات.

ئەمڕۆ شه‌ممه‌، 3ـی ئایاری 2025، مێدیاكانی توركیا بڵاویان كرده‌وه‌، سری سوره‌یا ئۆندەر، بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و پەرلەمانتاری پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) کە هاوکات ئەندامی شاندی ئیمراڵییشە، له‌ ته‌مه‌نی 63 ساڵی كۆچی دوایی كرد.

هاوكات نه‌خۆشخانه‌ی فلۆرێنس لە ئیستانبوڵ، كه‌ لێی خه‌وێندرابوو، ڕایگەیاندراوێکی بڵاو کردووه‌ته‌وه‌ و تێیدا هاتووە، ئۆندەر، ئەمڕۆ کاتژمێر 16:10 بەهۆی لەکارکەوتنی چەندین ئەندامی جەستەی گیانی سپارد.

ئۆندەر لە 15 نیسانی ئەمساڵدا، بەهۆی جەڵتەی دڵەوە بەپەلە گەیاندرایە نەخۆشخانە و نەشتەرگەری بۆ کرا. بۆ ماوەی 18 ڕۆژ لەژێر چاودێری پزیشکیدا بوو.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment