ئەرشەد ساڵحی: باج و سەرانە خەریکە کۆگای بازرگانانی کەرکووک و نەینەوا بەتاڵ دەکات

ئەرشەد ساڵحی ئەندامی پەرلەمانی عێراق هۆشداری دا و ڕایگەیاند، لە ئەنجامی ناکۆکیە بەردەوامەکانی گومرگی نێوان حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کۆگا بازرگانییەکان لە پارێزگاکانی کەرکووک و نەینەوا خەریکە کۆگاکانیان تەواو دەبێت، بۆیە داوا لەلایەنی بەرپرس دەکەین دەستوەردانی خێرا بکەن بۆ چارەکردنی ئەو قەیرانە.

ئەرشەد ساڵحی بە میدیای ناوخۆی عێراقی ڕاگەیاند، "بازرگانانی کەرکووک و نەینەوا کەلوپەلەکانیان لە تورکیا لە ڕێگەی هەرێمی کوردستانەوە هاوردە دەکەن، هەروەها لە ئێرانیش لە ڕێگەی دەروازەی سنووری پاوە هاوردە دەکەن، بەڵام بەهۆی ڕێنماییەکانی بەغدا و هەولێر ڕووبەڕووی ئاستەنگی گومرگی دەبنەوە".

ئاماژەی بەوەش کرد، " کاتێک بازرگانان پێداچوونەوە بە گومرگی فیدراڵی دەکەن داوایان لێدەکرێت سەردانی هەرێم بکەن، کەس بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ ناگرێت و تەنیا هاووڵاتی باجەکەی دەدات."

ئەرشەد ساڵحی باسی لەوەش کرد، ئەگەر چارەکی خێرا لە نێوان حکوومەتی فیدراڵی و هەرێم سەبارەت بە پرسی گومرگی نەکرێت، ئەوا کۆگاکانی خۆراک و کاڵا بەکاربەرەکان لە کەرکووک و نەینەوا بەتاڵ دەبن و قەیرانێکی گەورە لە بازاڕەکاندا سەرهەڵدەدات.

ئەو پەرلەمانتارە داوای لە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کرد "بەخێرای دەستوەردان بکات و پردی پەیوەندی هابەش و ڕاستەوخۆ لەگەڵ حکوومەتی هەرێم بکاتەوە بۆ یەکخستنی ڕێکارە گومرگییەکان یان ڕێککەوتن لەسەر میکانیزمێک بۆ هێنانە ژوورەوەی کاڵاکان."

لەو چوارچێوەیەدا ژمارەیەک بازرگان لە پارێزگاکانی کەرکووک و نەینەوا هۆشدارییان داوە لە ئەگەری تەواوبوونی خۆراک و کەلوپەلی دیکە لە کۆگاکانی هەردوو پارێزگاکە، ئەگەر ناکۆکیە گومرگیەکە چارە نەکرێت."

بازرگانان ڕایانگەیاندووە، پشت بە هاوردەکردنی کاڵاکانیان لە تورکیاوە دەبەستن، کە لە ڕێگەی هەرێمی کوردستانەوە دەیهێنن، هەروەها لە ئێرانیشەوە لە ڕێگەی دەروازەی سنووری پاوە کاڵاکان دەهێنن، بەڵام بەهۆی ڕێکارە گومرگییەکان ڕووبەڕووی ئاستەنگ دەبنەوە.

بازرگانان داوا لە حکوومەتی فیدراڵ دەکەن بە خێرایی کێشە گومرگیەکە چارە بکات بکات، جەختیشیان کردەوە لەئەگەری بەردەوام بوونی کێشەکە ئابووری ناوچەکە ئیفلیج دەبێت.

 

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment