وەزیری بەرگریی ئێران: هێرش بکرێتە سەرمان، ناوچەکە لە ئاگر هەڵدەکێشین

وەزیری بەرگریی کۆماری ئیسلامی ئێران هەڕەشەی هێز و بازووی سەربازی دەکات و هۆشداری دەدات، ئەگەر شەڕ بەرۆکیان بگرێت، دەستەوەستان نابن و وڵاتانی دراوسێش لە پڕوشکی ئاگری شەڕ بەدوور نابن.
عەزیز نەسیرزادە، وەزیری بەرگریی ئێران دەڵێت: ئەگەر هێرش بکرێتە سەر ئێران و شەڕ بەسەرماندا بسەپێندرێت، بەهێزەوە وەڵام دەدەینەوە و دەست لە هیچ بەرژەوەندییەکی ئەمەریکا لە ناوچەکە نا پارێزین.
نەسیرزادە دەڵێت: هیچ دوژمنکارییەکمان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ نییە، ئەوان برای ئێمەن، بەڵام لە پڕوشکی ئاگری شەڕ پارێزراو نابن و سەرجەم بنکەکانی ئەمەریکا لە وڵاتانی دراوسێ و ناچەکە دەکەینە ئامانج، چونکە هیچ سنوورێک بۆ هێرشەکانمان دانانێین.
هەروەها ڕایگەیاندووە، بەرگری کۆماری ئیسلامی مووشەکی ئامادە و کۆگاکراوی بێ شوماری هەیە، لەگەڵ شەڕ پێفرۆشتن، بەبێ دوو دڵی و دواکەوتن هەموو ئامانجەکانیان لە هەموو شوێنێک دەپێکێت.
لە بارەی تاقیکردنەوەی مووشەکێکی بالیستی دوور بڕی هەزار و 200 کیلۆمەتری، وەزیری بەرگری ئێران گوتی: تایبەتمەندی ئەم مووشەکە دەست نیشان کردنی ئامانجە ڕاستەقینەکەیەتی لەنێوان چەند ئامانجێک، کە بەبێ هیچ هەڵەیەک خاڵی مەبەست دەپێکێت.
ئەم قسانەی عەزیز نەسیرزادە، وەزیری بەرگری ئێران لە وەڵامی هەڕەشەکانی بنیامین ناتانیاهو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دێت، دوای ئەوەی فڕۆکەخانەی بن گۆریۆنی تەلئەڤیڤ، لەلایەن چەکدارە حووسییەکانی یەمەن مووشەکباران کرا.
ناتانیاهو شەوی ڕابردوو هەڕەشەی وەڵامدانەوەی ئەو هێرشە مووشەکییەی کرد و ڕایگەیاند، "حووسییەکان و خاوەنەکەی کە ئێرانە"، دەبێت تاڵاوی وەڵامی ئەو هێرشە مووشەکییە بچێژن.