ئاوات شێخ جەناب: ئەمساڵ زۆرینەی مووچەخۆران دەبنە خاوەن هەژماری بانکی خۆیان
"سەرجەم زانیارییەکان دەخرێنە بەردەم تیمەکانی چاودێری دارایی هەرێم و عێراق"

وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان دەڵێت: ماوەی چەند ڕۆژێکە تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێری دارایی هەرێم و عێراق، وردبینی لەسەر داهات و خەرجی سێ مانگی سەرەتای ساڵی 2025 لە هەرێمەکە دەکەن و هەرچی زانیاریی پێویست بەردەست بێت دەخرێتە بەردەمیان.
سێشەممە 6ـی ئایاری 2025، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێری دارایی هەرێم و عێراق کرد.
وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، لە کۆبوونەوەکەدا ، گفتوگۆ لە سەر بەرنامەی کاری تیمە هاوبەشەکان کرا کەماوەی چەند ڕۆژێکە بەمەبەستی ئامادەکردنی ڕاپۆرتی وردبینی لە داهات و خەرجی سێ مانگی سەرەتای ساڵی 2025 لە هەرێمی کوردستانن.
وەزیری دارایی هەرێمەکە ڕایگەیاند: هەرچی داتا و زانیاری پێویست و بەردەست بێت دەخرێنە بەردەم تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان و عێراق.
هاوکات ئاوات شێخ جەناب، کورتەیەکیشی لەسەر دوایین هەنگاوەکانی پرۆسەی بە بانکیکردنی مووچە لە ڕێی پرۆژەی 'هەژماری من' خستەڕوو و ڕایگەیاند: بەپێی ئەو پلان و بەرنامانەی دانراون لەم ساڵدا زۆربەی مووچەخۆران دەبنە خاوەن هەژماری بانکی خۆیان و پرۆسەکەش بە باشی بەڕێوە دەچێت.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، وەزیری دارایی هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراقی لەسەر ئاستی خانەنشینانی مەدەنی و سەربازی بۆ تیمە هاوبەشەکان ڕوون کردەوە کە لەسەرەتای ئەمساڵەوە ئەوانەی تەمەنیان لە 60 ساڵ زیاتر بووە ڕەوانەی خانەنشینی کراون و بەشێک لەوانەشی کەسوکاری شەهید و زیندانی سیاسی بوون بە پێی بڕگەیەکی یاساکە خزمەتیان بۆ درێژکراوەتەوە.