ماکرۆن لە کۆشکی ئیلیزێ پێشوازیی لە ئەحمەد شەرع کرد

سەرۆکی فەرەنسا، لە کۆشکی ئەلیزێ پێشوازیی لە سەرۆکی نوێی کۆماری سووریا کرد.
چوارشەممە 7ـی ئایاری 2025، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، لە کۆشکی سەرۆکایەتیی وڵاتەکە "ئەلیزێ"، پێشوازیی لە ئەحمەد شەرع، سەرۆکی نوێی کۆماری سووریا کرد.
ئەمەش یەکەم سەردانی شەرعە بۆ فەرەنسا لەو کاتەوەی کە بووەتە سەرۆک کۆماری سووریا.
دوێنێ سێشەممە، کۆشکی سەرۆکایەتیی فەرەنسا "ئەلیزێ" بڵاوی کردبووەوە، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، ڕۆژی چوارشەممە لە پاریس پێشوازیی لە ئەحمەد شەرع دەکات.
کۆشکی سەرۆکایەتیی فەرەنسا ڕایگەیاندبوو، ماکرۆن، پشتیوانیی فەرەنسا بۆ بنیاتنانی سووریایەکی نوێ، ئازاد، سەقامگیر دووپات دەکاتەوە کە ڕێز لە هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی سووریا بگرێت.