فیدان: چاوەڕێین بەم نزیکانە پەکەکە چەک دابنێت و خۆی هەڵوەشێنێتەوە

وەزیری دەرەوەی تورکیا، ڕایگەیاند: ئیدی شەڕی چەکداری سوودی نەماوە و دەبێ بە ڕێگەی سیاسی و دیموکراتی کار بکرێت. گوتیشی: بە تەنیا چەکدانان بەس نییە بۆ پەکەکە، بەڵکو دەبێت هەموو ڕێکخستنەکانی لەنێو تورکیا نەمێنن.
هەینی 9ـی ئایاری 2025، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا، ڕایگەیاند: چاوەڕێین بەم نزیکانە پەکەکە چەک دابنێت و بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە بدات.
وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوە کرد، وەکوو عەبدوڵڵا ئۆجەلان گوتوویەتی، ئیدی شەڕی چەکداری سوودی نەماوە و دەبێ بە ڕێگەی سیاسی و دیموکراتی کار بکرێت.
هاکان فیدان دەشڵێت: پرسەکە تەنیا چەکدانان نییە، بەڵکو دەبێت هەموو ڕێکخستنەکانی پەکەکە لە نێو تورکیا نەمێنن و کاری سیاسیی بە شێوەیەکی شەفاف و ئاشکرا ئەنجام بدرێ.
وەزیری دەرەوەی تورکیا باسی لەوەش کردووە؛ بوونی هێزەکانی پەکەکە لە شنگال و سووریا، ئەوا کێشەی سووریا و عێراقە و دەبێ ئەوان ئەو کێشەیە چارە بکەن.
سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا، ڕاستە بڕیاری چەک دادان و هەڵوەشانەوەی پەکەکە، بڕیارێکی قورسە بۆ ڕێکخراوەکە، بەڵام ئەو هەڵوێستەی کە ڕێبەرەکەیان نیشانی داوە، ئەوا ئێمە چاوەڕێی وەڵامێکی ئەرێنین لەلایەن ڕێکخراوەکەوە پێمان بدرێت.
هەر ئەمڕۆ، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاشکرای کرد، ڕۆژانی 5 بۆ 7ـی ئەم مانگە، بە بەشداریی نوێنەرانی هەموو بوارەکانی خەبات، کۆنگرەیان لە دوو ناوچەی جیاواز بەستووە و دیدگا و پێشنیازەکانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی ڕێکخراوەکە خوێندووەتەوە و هەڵسەنگاندنیان بۆ کردووە.
لە یەکەم کاردانەوە دوای ڕاگەیەندراوەکەی پەکەکە لەبارەی کۆنگرە، پەروین بوڵدان، ئەندامی شاندی ئیمراڵی ڕایگەیاند: دوای ئەم ڕاگەیاندنە تورکیا دەچێتە قۆناغێکی نوێ.
پەروین بوڵدان گوتیشی: ئاواتمان ئەوە بوو سری سورەیا ئۆندەر ئەم ڕۆژە ببینێت، چونکە هەوڵ و کۆششێکی زۆری بۆ سەرخستنی پرۆسەکە کرد.