هێرشەکانی پاکستان 32 فڕۆکەخانەی مەدەنی لە هیندستان ڕاگرت

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی فڕۆکەوانی مەدەنی هیندستان ڕایگەیاندووە، بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی سوپای پاکستانەوە لەسەرتاسەری هیندستان بۆ ماوەیەکی دیاری کراو، جوڵە و چالاکی 32 فڕۆکەخانەی مەدەنیان ڕاگرتووە.
ڕۆژنامەیەکی تایمز ئۆف ئیندیا بڵاوی کردووەتەوە، بڕیاری داخستن و ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان لەو 32 فڕۆکەخانەیە تاوەکوو کاتژمێر 05:29 خولەکی ئێوارەی ڕۆژی 15ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت.
هەروەها ئاژانسی ANIی هیندستان بڵاوی کردووەتەوە، چەند شارێکی هەردوو هەرێمی پەنجاب و راجاستانی هیند بەهۆی هەڵکەوتنیان لەسەر سنووری پاکستان، کەوتوونەتە بەر هێرشێکی چڕی درۆنی سوپای پاکستان.
ئاماژەشیداوە، بەهۆی هێرشە درۆنەکانی پاکستان لە هەردوو هەرێمی راجستان و باسانکوت تەزووی کارەبا پچڕاوە، جیا لەم دوو هەرێمە، دەنگی بەهێزی چەند تەقینەوەیەکیش لە شاری ئەمیرتسار بیستراوە، ئەمە یەکەمجارە لەسەرەتای دروستبوونی پێکدادانەکانەوە، یەکەمجارە ئەو شارە دەکەوێتە بەر هێرش.
ئاژانسەکە ئەوەشی بڵاوکردووەتەوە، لە شاری فەیروزپووری هەرێمی پەنجاب، بە درۆن باڵەخانەیەکی مەدەنی کراوەتە ئامانج و بەهۆیەوە تەنیا سێ کەس بریندار بوون.
لە ناوەڕاستی هەفتەی ڕابردووەوە، ناکۆکی و ئاڵۆزییەکانی نێوان هیندستان و پاکستان تەقییەوە و جەنگ لە نێوانیاندا هەڵگیراوە، لەسەرەتای هێرشەکانیشەوە تاوەکوو ئێستا ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی جامۆ و کەشمیری هیندستان بە درێژایی سنوور لەلایەن سوپای پاکستانەوە بە درۆن هێرشیان دەکرێتە سەر.