عراقچی: گەڕی ئەمجارەی دانوستان بەراورد بە گەڕی ڕابردوو زۆر جددیتر بوو

وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند: گەڕی چوارەمی دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی نێوان ئێران و ئەمەریکا، لە چاو دانوستانەکانی گەڕی رابردوو زۆر جددیتر بوو.
یەکشەممە 11ـی ئایاری 2025، لە مەسقەتی پایتەختی عوممان، گەڕی چوارەمی دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی نێوان ئێران و ئەمەریکا بەڕێوە چوو.
دانوستانەکان بە سەرۆکایەتیی ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بەڕێوەچوو، هەروەها زیاتر لە 3 کاتژمێری خەیاند.
عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، بە مێدیاکانی وڵاتەکەی ڕایگەیاند: دانوستانی گەڕی چوارەم، بەراورد بە دانوستانی گەڕەکانی ڕابردوو زۆر جددیتر بوو.
وەزیری دەرەوەی ئێران، ئاماژەی بەوە کرد، لە دانوستانەکانی نێوانمان لە هەندێک چوارچێوەی گشتی دوورکەوتینەوە و چووینە ناو وردەکاری زیاترەوە، هەر ئەمەش کەشی دانوستانەکەی لەم بارودۆخەدا قورستر کردبوو.
باسی لەوەش کرد، ئامانجی سەرەکی دانوستان لەگەڵ واشنتن هەڵگرتنی سزاکانە و خۆشبەختانە لەو بارەیەوە ڕێککەوتن لەنێوانمان هەیە.
عەباس عراقچی، گوتی: ڕەنگە هەفتەی داهاتوو گەڕێکی دیکە لە دانوستانەکانی نێوانمان بەڕێوە بچێت، چونکە هەردوولامان بڕیارمان داوە بەردەوامی بە دانوستانەکان بدەین.
جەختی لەوەش کردەوە، کە هەرگیز دانوستان لەبارەی بەرنامەی پیتاندنی یۆرانیۆم ناکەن.
لای خۆیەوە بەدر ئەلبوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عوممان، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، گەڕی چوارەمی دانوستانەکانی ئەمەریکا و ئێران بەسوود بوو، هەروەها بیرۆکەی بەسوود و باش لەنێوان هەردوولا ئاڵوگۆڕ کران.
هاوکات گوتی: ئەو بیرۆکانەی لە دانوستانەکاندا خراونەتەڕوو، ڕەنگدانەوەی خواستی گەیشتنی هەردوو وڵاتە بە ڕێککەوتنێکی شەرەفمەندانە.
لەبارەی گەڕی پێنجەمی دانوستانەکان، وەزیری دەرەوەی عوممان، ڕوونی کردەوە، دوای ڕاوژێکردن لەگەڵ هەردوو شاند، کاتی گەڕی پێنجەمی دانوستانەکان دیاریی دەکرێت.