دەمیرتاش: پەکەکە بڕیارێکی مێژوویی دا

هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان(هەدەپە)، ڕایگەیاند: کاتی ئەوە هاتووە هەمووان پێکەوە دڵسۆزانە کار بکەین بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و دیموکراسی. گوتیشی: پەکەکە بڕیارێکی مێژوویی دا و پێشوازیی لە دەستپێشخەرییەکەی دەکەین.
دووشەممە 12ـی ئایاری 2025، پەروین بوڵدان، ئەندامی شاندی ئیمڕالی، سەردانی سەڵاحەددین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپەی لە زیندانی ئەدرنە کرد، هەردووکیان لە کۆبوونەوەیەکدا کە نزیکەی 2 کاتژمێری خەیاند تاوتوێی پرسی هەڵوەشاندنەوەی پەکەکەیان کرد.
بوڵدان، پەیامی دەمیرتاشی لەبارەی کۆنگرەی پەکەکە و هەڵوەشاندنەوەی ڕێکخراوەکە، بڵاو کردەوە تێیدا هاتووە، بڕیارەکەی پەکەکە پێشهاتێکی مێژووییە و پێشوازیی لێ دەکەین.
دەمیرتاش ئاماژەی بەوەش دا، کاتی ئەوە هاتووە هەمووان پێکەوە دڵسۆزانە کار بکەین بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و دیموکراسی. هاوکات سوپاسی، سەرۆک کۆماری تورکیا، ئەحمەد تورک، باخچەلی، ئۆجەلان و خوالێخۆشبوو سری سورەیا ئۆندەر دەکات، کە ڕۆڵیان هەبوو لە سەرخستنی پرۆسەکە.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەی دەمیرتاشدا هاتووە، پێویستە تورکیا لە هەموو ڕووێکەوە گەشە بکات، هەروەها ئێستا ئێمە بە هیوای ئەو هەنگاوانە دەژین کە بۆ ئاشتی نراون و ئازار و یادەوەری سیری سورەیا ئۆندەر بە ئەزموون دەکەین.
DEM Parti İmralı Heyeti üyesi Pervin Buldan, Edirne Cezaevi’nde Selahattin Demirtaş’ı ziyaret etti. Demirtaş, şu mesajı paylaştı 👇 pic.twitter.com/vSfR7dD3iK
— DEM Parti (@DEMGenelMerkezi) May 12, 2025
دووشەممە 12ـی ئایاری 2025، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ڕاگەیەندراوێکدا، ئەنجامی 12ـەمین کۆنگرەی خۆی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند: لەژێر ڕۆشنایی بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، پەکەکە بڕیاری هەڵوەشانەوەی هەیکەلی ڕێکخراوەیی دا، هەروەها بڕیاری کۆتایهێنان بە خەباتی چەکداری و هەموو ئەو چالاکییانەی دا کە بەناوی ڕێکخراوەکەوە دەکرێن.