محەممەدئەمین: عەبدوڵڵا ئۆجەلان لەڕێگەی پەیوەندی تەلەفۆنی بەشداری کۆنگرەی پەکەکەی کردووە
محەممەدئەمین پێنجوێنی رایگەیاند: ئەو زانیارییانەی لەبارەی ئەو شوێنانەی دەگوترێت پەکەکە چەکی لێڕادەستدەکات لە سۆشیاڵ میدیا، ئەسڵ و ئەساسی نییە، عەبدوڵڵا ئۆجەلان و سەرکردایەتی ئێستای پەکەکە بە هەماهەنگی لەگەڵ تورکیا ئەو بابەتە تاوتوێ دەکەن.
محەممەدئەمین پێنجوێنی، سیاستمەداری نزیک لە پارتی کرێکارانی کوردستان(پەکەکە) ئەمڕۆ دووشەممە، 12ـی ئایاری 2025، لە گەشتی هەواڵەکانی کاتژمێر هەشت، کە کۆڤان عیزەت، پێشکەشی دەکات، میوان بوو و ڕایگەیاند: عەبدوڵڵا ئۆجەلان لەڕێگەی پەیوەندی تەلەفۆنی بەشداری لە کۆنگرەی پەکەکەدا کردووە.
دەقی چاوپێکەوتنەکە
کۆڤان عیزەت، چارەنووسی پەکەکە لەدوای چەک دانان چی دەبێت؟
محەممەدئەمین پێنجوێنی:بێگومان کۆنگرەی 12ـی پەکەکە، وەک لە میدیاکان بڵاوکرایەوە، چەند بڕیارێکی گرنگ و مێژوویی تێدا درا، یەکێک لەو بڕیارانە دەڵێت: بڕیارماندا چاڵاکی چەکداری بوەستێنین، شەری چەکداری دەوەستێنێت و ئەو هێزو ڕێکخراوانەی سەر بە پەکەکەن بەو ناوە چاڵاکی نەکەن، بەناوێکی دیکەوە چاڵاکی بکەن.
کۆڤان عیزەت، دوای ئەم بڕیارە بە کردەیی چی دەکرێت؟
محەممەدئەمین پێنجوێنی:دوای ئەم بڕیارە لە بەرانبەر خۆ هەڵوەشاندنەوەدا، پەکەکە داوای کردووە، لە پەرلەمانی تورکیا "یاسای هیوا" دەربچێت کە تایبەت دەبێت بە ئازادکردنی، عەبدوڵڵا ئۆجەلان، لەگەڵ ئەوەش لە پەرلەمانی هەمان وڵات، لێبوردنی گشتیی دەربکرێت بۆ هەموو ئەو چاڵاکوانانەی پەکەکە، کە لە تورکیا دەستگیرکراون.
پێنجوێنی گوتیشی: داواکارییەکی دیکەی پەکەکە هەڵوەشاندنەوەی یاسای تیرۆرە، کە هەزاران لایەنگری پەکەکە بەهۆیەوە دەستگیرکراون.
کۆڤان عیزەت، عەبدوڵڵا ئۆجەلان بەشداری کۆنگرەکەی کردووە؟
محەممەدئەمین پێنجوێنی، "عەبدوڵڵا ئۆجەلان لەڕێگایی پەیوەندی تەلەفۆنییەوە لەهەردوو شوێنی بەڕێوەچوونی کۆنگرەکە بەشداریکردووە".
کۆڤان عیزەت، ئەمەریکا بەشدار بووە لە کۆنگرەکە؟
محەممەدئەمین پێنجوێنی: کۆنگرەکە بە گرەنتی دەزگای هەواڵگری ئەمەریکا بەڕێوەچوو، چونکە پێشووتر پەکەکە ڕایگەیاندبوو، درۆن و فڕۆکەی تورکیا بەسەر ناوچەکانی ئێمەدا دەسوڕێتەوە، بۆیە داوایان کردبوو گرەنتی نێودەوڵەتیی هەبێت، هەر ئەمەش وایکرد ئەمەریکا چاودێری ئەمنی کۆنگرەکە بکات.
کۆڤان عیزەت، چارەنووسی گەریلاکانی پەکەکە، چارەنووسی سەرکردەکانی پەکەکە چی دەبێت؟ چەکەکانیش چۆن ڕادەست دەکرێن؟
مححەمەدئەمین پێنجوێنی: ئەو زانیارییانەی لەبارەی ئەو شوێنانەی لە سۆشیاڵ میدیا دەگوترێت پەکەکە چەکی لێ ڕادەستدەکات ئەسڵ و ئەساسی نییە، عەبدوڵڵا ئۆجەلان و سەرکردایەتی ئێستای پەکەکە بە هەماهەنگی لەگەڵ تورکیا ئەو بابەتە تاوتوێ دەکەن و یەکلاییدەکەنەوە، تاوەکوو ئێستا بڕیاری کۆنگرەکە تەنیا شەڕی چەکداری وەستاوە، باسی پڕۆسەی ڕادەستکردنی چەکدانان نەکراوە.
کۆڤان عیزەت، کەواتە جارێ بەس چەکەکانی بێدەنگکردووە؟
محەممەدئەمین پێنجوێنی: بەلێ تاوەکوو ئێستا تەنیا چەک بێدەنگکراوە، باسی ڕادەستکردنەوە نەکراوە.
کۆڤان عیزەت، هەندێک زانیاری لە میدیاکانی عێراقەوە باس لەوە دەکەن، هەندێک لە سەکردەکانی پەکەکە جارێ لە سلێمانی دەمێننەوە، گەریلاکانیش دەگەڕێنەوە تورکیا و بیانییەکانیش دەتوانن بگەڕێنەوە وڵاتەکانیان، ئەمانە ڕاستن؟
محەممەدئەمین پێنجوێنی: هێشتا هیچ بڕیارێک لەبارەی ئەو مەسەلەیە نەدراوە، کەوتووەتە دوای ئەو بڕیارەی پەرلەمانی تورکیا دەریبکات، تاوەکوو ئێستا مانەوەی سەرکردەکانی پەکەکە لە هەولێر یان لە سلێمانی باس نەکراوە و پەکەکەش باسی نەکردووە، دوای دەرکردنی ئەم بڕیارە لە پەرلەمانی تورکیا لێژنەیەکی هەماهەنگی دروستدەکرێت.
کۆڤان عیزەت، دەگوترێ عێراقیش یەکیک لەو وڵاتانەیە کە پەکەکە چەکی لێ دادەنێت و چەکەکانیش دەدرێنەوە بە تورکیا؟
محەممەدئەمین پێنجوێنی: مومکینە حکوومەتی عێراق ئاگاداربکرێت و پەیوەندی بە پەکەکەوە کردبێت یان بە پێچەوانەوە، لە ڕابردووشدا پەیوەندی لەنێوان هەردوولا هەبووە، چونکە تاوەکوو ئێستا بەگوێرەی یاسا ئەو ناوچانەی پەکەکەی لێیە بەشێکە لە خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان، هەربۆیە ئەگەر گەیشتە بابەتی ڕادەستکردنەوەی چەکەکان حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان بەشدار دەبن.
کۆڤان عیزەت، پەکەکە چ گرەنتییەکی وەرگرتووە بڕیارێکی وا گرنگ دەدات؟
محەممەدئەمین پێنجوێنی: تاوەکوو ئێستا گرەنتی لە کەس وەرنەگرتووە، بەڵام داوای گرەنتی دەکات، داوای گرەنتی نێودەوڵەتی دەکات، وڵاتانی دیکە وەک ئەمەریکا و فەرەنسا ئاگاداری ئەم گفتوگۆیەن، ساڵێک زیاترە ئەمەریکا ئاگاداری ئەم پەیوەندییانەیە، بۆ ئەوەی چەک دابنێت دەبێت گرەنتیەکی نێودەوڵەتی هەبێت.