پەیکەری ژمارەیەک ئافرەتی کورد بووەتە جێی سەرنجی ڕێبوارانی بازاڕێکی هەولێر

لە بازاڕێکی ناوەندی شاری هەولێر، پەیکەری ژمارەیەک ئافرەتی شۆڕشگێڕ و ناسراوی کورد دانراوە و هەر یەکێک لە پەیکەرەکان، مانا و پەیامێکی هەیە و بوونەتە جێی سەرنجی ئەو خەڵکی ڕوو لە بازاڕەکە دەکن.

لەنێو بازاڕی داون تاون لە شاری هەولێر، پەیکەرەکان دانراون، هەم وەک ڕێزگرتنێک لە پێگەی ئافرەتان و هەم وەک ناساندنی ڕۆڵی خانمان لە مێژووی خەبات و شارستانییەتی کۆمەڵگەی کوردیدا.

بە گوتەی فرۆشیارانی بازاڕەکە، کە بۆ ماڵپەڕی کوردستان24 قسەیان کردووە، نزیکەی 120 پەیکەر ڕووخسارێكی دیکەیان بە بازاڕی داونتاون داوە، هەر یەکێک لە پەیکەرەکان بە تابلۆیەکی بچووک ناسێندراون و بەڵگەی یادەوەری و چیڕۆکی بزاڤی ڕۆشنبیری، داب و نەریتی کورد، بەرخودان، زانست، سەرکردایەتی و قوربانیدان پێک دەهێنن.

لە بەری ڕاستی دەروازەی بازاڕەکە، پەیکەری خاتوو عیسمەت کچی پیشەوا قازی محەممەد، سەرۆکی کۆماری کوردستان (کۆماری مەهاباد) دانراوە، وەک بیرهێنانەوەی ئەندامی بنەماڵەیەکی شۆڕشگێڕ، کە لە هزری تاکی کوردا بمێنێتەوە.

لە بەری چەپی بازاڕەکەش، پەیکەری ساڵحەخان هاوژینی فەرماندەی شەهید خەیروڵڵا عەبدولکەریم وەک ڕێزێک بۆ ڕۆڵی خانمانی کورد لە شۆڕش و بزاڤی ڕزگاریخوازیی گەلی کوردستان.

حەپسەخانی نەقیب، نەعیمە مستەفا، ئایشەگوڵ، ناهیدە شێخ سەلام، عادیلەخانم، خانزادی میری سۆران، دایە گوڵە، مامۆستا سنەوبەر، خەجەباوە، دایفەخاتوون، سەییدە ماما خاتوون، مەیان خاتوون، زەریفە، قەدەمخێر، لەیلازانا، خەدیجە مستەفا. ئەمانەش ژمارەیەک لە خانمانی دیکەی ناسراوی کوردن، کە پەیکەرەکانیان بازاڕەکەی ڕازاندووەتەوە.

 

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment