سعوودیە چەترێکی زیرەک بۆ حاجییان دروست دەکات

لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی حەج، سعوودییەکی بە ڕەچەڵەک فەڵەستینی، داهێنانێکی کردووە بۆ کەمکردنەوەی ماندووبوونی حاجییان لەکاتی بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج، ئەویش بە دروستکردنی چەترێکی زیرەک کە ئاستی گەرمیی ناوچەکە لەسەر حاجییان کەم دەکاتەوە.
بەپێی زانیارییەکان، چەترەکە، سیستەمێکی دژە خۆر و دیاریکردن و دەستنیشانکردنی شوێنی تێدایە، لەگەڵ پانکەیەک و گڵۆپێک و سێ شوێنی(یو ئێس بی) بۆ بارگاویکردنەوەی مۆبایل و لاپتۆپی بچووک و چەند ئامێرێکی دیکە.
زانای سعوودی، کامیل بەدەوی، کە داهێنەری چەتری زیرەکە دەڵێت: چەترە زیرەکەکە، یارمەتیی زۆری حاجییان دەدات لەکاتی جێبەجێکردنی فەریزەی حەج، ئەوەی گرنگە ئەوەیە، چەترەکە ئاستی گەرمیی کەمدەکاتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا حاجییان لە کاروانەکانیان ون ناکات.
زاناکە ئاماژە بەوە دەکات، چەترەکە لەڕێگەی گەرمیی خۆر کە لەبەشی سەرەوەی کۆ دەبێتەوە، لەبەشی خوارەوەی پانکەیەکی فێنکەرەوە کار دەکات بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی خۆر و گەرمیی ناوچەکە، بۆ ئەوەی حاجییان توانای باشتریان هەبێت لە بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج و پارێزگاریشیان لێبکات لە هێزی تیشکی خۆر.
سەرباری ئەو خەسڵەتانە، خەسڵەتێکی دیکەی گرنگی چەترە زیرەکەکە ئەوەیە، هاوکاریی حاجییان دەکات بۆ ئەوەی لە کاروانەکانیان ون نەبن بەهۆی بوونی سیستەمی(GPS) تێیدا، کە شوێنی حاجییەکە دەستنیشان دەکات.
مەنال دەندیس، بەشێکی داهێنانی چەترەکەی بەرکەوتووە بە دانانی سیستەمی(GPS) بۆ چەترەکە ئاماژە بەوە دەکات، دەتوانرێت لەو شوێنانەی لە ناو چەترەکەدا بۆ بارگاویکردن داندراون لەنێو، مۆبایل و هەر پێداویستییەکەی دیکە کە لە گیرفاندا هەڵدەگیرێن، بارگاوی بکرێنەوە. دەشڵێت: چەترەکە ڕێگە نادات هیچ حاجییەک ون بێت و بە ئاسانی لەهەر شوێنێک بێت، دەدۆزرێتەوە.
هەردوو داهێنەرەکە ئاشکرایان کردووە، سەرەتا چەترەکە بە نرخێکی زۆر هەرزان بە حاجییان دەدرێت بۆ ئەوەی سوودی لێ وەرگرن، چونکە دەیانەوێت داهێنانەکەیان تاقیی بکرێتەوە.