بە فەرمی ریاڵ مەدرید گواستنەوەی دین هاوسنی بەرگریکاری بۆرنمۆسی بڵاوکردەوە

دین هاوسن، بەرگریکارە نوێیەکەی ریاڵ مەدرید
دین هاوسن، بەرگریکارە نوێیەکەی ریاڵ مەدرید

یانەی ریاڵ مەدریدی ئیسپانی بە فەرمی گرێبەستی بەرگریکاری لاو دین هاوسن-ی لە یانەی بۆرنمۆسی ئینگلیزییەوە بڵاوکردەوە.

ماڵپەری فەرمی یانەکە لە راگەیاندراوێکی فەرمی نووسیویەتی: یانەی ریاڵ مەدرید لەگەڵ یانەی بۆرنمۆس لەسەر گواستنەوەی دین هاوسن گەیشتووەتە رێککەوتن و گرێبەستەکەی بۆ ماوەی "5" ساڵ دەبێت، لە 1ی حوزەیرانی 2025 دەستپێدەکات و لە 30ی حوزەیرانی 2030 کۆتایی دێت. 

لە راگەیاندراوەکە هاتووە: دین هاوسن-ی تەمەن 20 ساڵ، یاریزانی هەڵبژاردەی ئیسپانیایە، لە خولی ئیتاڵی یاریی بۆ یانەکانی یوڤێنتووس و رۆما کردووە، لە پرێمەرلیگ یاریزانی سەرەکی بۆرنمۆس بووە و ئەزموونی زۆر هەیە.

ریاڵ مەدرید ئاماژەی بەوە کردووە: دین هاوسن پاڵێوراوە بۆ بوون بە پاشترین یاریزانی پرێمەرلیگ لە وەرزی 2024-2025.

بەپێی هەواڵی میدیا جیهانییەکان، هاوسن بە بڕی 50 ملیۆن یۆرۆ گرێبەستی لەگەڵ ریاڵ مەدرید واژۆکردووە.

گرێبەستەکەی دین لە کاتێکدایە، ریال مەدرید لەم وەرزە بەهۆی پێکانی زۆری بەرگریکارەکانی دەیناڵاند و شوێنگرەوەیان نەبوو.

مارکای ئیسپانی بڵاویکردووەتەوە: بەرگریکارە نوێیەیەکەی مێرێنگی، سێرجۆ رامۆس بە پێشەنگی خۆی دەزانێت و دەیەوێت لە ریاڵ مەدرید درێسی ژمارە "4" بپۆشێت، بەڵام بەهۆی ئالابا زەحمەتە ئارەزووەکەی جێبەجێ ببێت.

دین هاوسن تەمەنی 20 ساڵە، پێشتر یاریی بۆ یانەکانی رۆما و یوڤێنتووس کردووە، ساڵی 2024 بە بڕی 10 ملیۆن یۆرۆ چووەتە بۆرنمۆس، ئەمڕۆ ریاڵ مەدرید بە فەرمی بڵاویکردووەتەوە، کە یاریزانەکەیان گواستووەتەوە، بەهای یاریزانەکە لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان 42 ملیۆن یۆرۆیە. 

 
 
Fly Erbil Advertisment