داودئۆغڵو بۆ کوردستان24: پێویستە پەکەکە بەبێ مەرج چەک دابنێت

سەرۆکی پارتی ئاییندە لە تورکیا، دەڵێت: پێویستە هەرچی زووە پەکەکە ئەو بڕیارەی کە داویەتی جێبەجێی بکات و بەبێ مەرجیش چەک دابنێت.
یەکشەممە 18ـی ئایاری 2025، ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆکی پارتی ئاییندە لە تورکیا، تایبەت بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە، پەیوەندییەکانی تورکیا و هەرێمی کوردستان، دەچێتە قۆناغێکی نوێ.
ئاماژەی بەوەش کرد، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە گرنگە و پێویستە هەرچی زووە جێبەجێ بکرێت. گوتیشی: پێویستە ڕێکخراوەکە بەبێ مەرج چەک دابنێت.
هاوکات دەڵێت: پەیامی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان لەبارەی پرۆسەکە پەیامی ئەرێنییان بڵاو کردەوە و هیوادارم بەردەوام بن لەسەر ئەمە.
جەختی لەوەش کردەوە، دۆستایەتی کورد و تورک بۆ هەمیشە بەردەوام دەبێت، بەهیچ جۆرێک نابێت تورک و کورد پەیەوەندییان خراپ بێت، کوردەکان دۆستی لەمێژینەی تورکن.
دووشەممە 12ـی ئایاری 2025، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ڕاگەیەندراوێکدا، ئەنجامی 12ـەمین کۆنگرەی خۆی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند: لەژێر ڕۆشنایی بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، پەکەکە بڕیاری هەڵوەشانەوەی هەیکەلی ڕێکخراوەیی دا، هەروەها بڕیاری کۆتایهێنان بە خەباتی چەکداری و هەموو ئەو چالاکییانەی دا کە بەناوی ڕێکخراوەکەوە دەکرێن.