تره‌مپ پلانی قه‌ڵغانی مووشه‌كێكی نوێی بۆ پاراستنی ئه‌مه‌ریكا ئاشكرا كرد

سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا پلانی دروستکردنی قەڵغانێکی مووشەکی بۆ پاراستنی وڵاته‌كه‌ی لە هێرشە دەرەکییەکان ئاشکرا ده‌كات؛ ده‌شڵێت، له‌ كابینه‌كه‌یدا كاره‌كانی ئه‌م پلانه‌ ته‌واو ده‌بێت.

سێشه‌ممه‌، 20ـی ئایاری 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمه‌ریکا پلانی دروستکردنی قەڵغانێکی مووشەکی بە ناوی "گومه‌زی زێڕین" بۆ پاراستنی وڵاته‌كه‌ی لە هێرشە دەرەکییەکان ئاشکرا کرد و دووپاتی کردەوە کە تا کۆتایی خولی دووەمی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی، كاره‌كانی ئەو قەڵغانە ته‌واو ده‌بێت.

سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا هه‌روه‌ها له‌ گوته‌یه‌كدا له‌ کۆشکی سپی له‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌، لە کاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکاندا بەڵێنی بە گەلی ئەمه‌ریکا دا کە سیستەمێکی بەرگریی مووشەکی زۆر پێشکەوتوو دروست بکات.

دۆناڵد ترەمپ گوتووشیه‌تی، ئەمڕۆ بە خۆشحاڵییەوە ڕایدەگەیەنێت کە بە فەرمی دیزاینیان بۆ ئەم سیستەمە مووشه‌كییه‌ پێشکەوتووە هەڵبژاردووە.

سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا باسی له‌وه‌ش كردووه‌، کۆی تێچووی پرۆژەکە لە کاتی تەواوبوونیدا دەگاتە نزیکەی 175 ملیار دۆلاری ئه‌مه‌ریكی.

لەم بارەیەوە ماو نینگ، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا نیگەرانیی جددیی وڵاتەکەی دەربڕی و ڕایگەیاند: ئەمە هاوسەنگی و سەقامگیریی ستراتیجیی جیهانی تێک دەدات.  داواشی لە ئەمەریکا كرد بە زووترین کات دەستبەرداری پەرەپێدانی ئەو سیستەمە بێت.

 
 
Fly Erbil Advertisment