پارێزگای ئیلام لە ئێران، بەهۆی قەیرانی کەمئاوی بەرەو خراپی دەچێت

محەممەد محەممەدی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ئاو پارێزگاکە ڕایگەیاند، وشکەساڵی کاریگەری کارەساتباری لەسەر دانیشتوانی گوندەکان هەبووە، ئەمەش بووەتە هۆی خراپتربوونی قەیرانی دەستڕاگەیشتن بە ئاوی پاکی خواردنەوە.
محەممەد محەممەدی، لەلێدوانێکیدا بۆ میدیای ئێران دەڵێت: نەبوونی ئاوی پاکی خواردنەوە مەترسی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە پەیوەندیدارەکانی ئاو زیاد دەکات، بەتایبەتی مەترسی لەسەر تەندروستیی منداڵان، بەساڵاچووان و نەخۆشەکان. هۆشداریشیدا لەوەی ئەگەر دۆخەکە بەردەوام بێت، ئەوە دەتوانێت گوندنشینانی زیاتر ناچار بە کۆچکردن بکەن.
ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، 577 گوند لە پارێزگای ئیلام لە دابینکردنی ئاودا ڕووبەڕووی ئاستەنگی بەرچاو دەبنەوە 44 گوند بە تەواوی پشت بە ئاوی گەڕۆک دەبەستن، لە کاتێکدا 23 گوندی دیکە تەنیا لە وەرزی دیاریکراوی ساڵدا ئەو پێداویستیانە وەردەگرن.
محەممەدی باسی لەوەش کرد، دەسەڵاتە خۆجێییەکان یاداشتێکی لێکگەیشتنیان لەگەڵ خێرخوازان ئیمزا کردووە بۆ دابینکردنی ئاوی خواردنەوەی بەردەوام بۆ 100 گوندی بێبەش لە ئاو. پلانەکە بریتییە لە دروستکردنی زیاتر لە 600 کیلۆمەتر هێڵی گواستنەوەی ئاو و تۆڕی دابەشکردن، هەروەها دانانی کەرەستەی سەردەمیانە بۆ دەستەبەرکردنی پێداویستییەکان.
لە چوارچێوەیەکی پەیوەندیداردا ئاماژەی بەوەدا ئەمساڵ پڕۆژەیەک بۆ دابینکردنی ئاو بۆ 40 گوند بە هاوکاری ڕێکخراوێکی خێرخوازی نیشتمانی دەستیپێکردووە، جەختیشی لەوە کردەوە، پڕۆژەکە ئاوی خواردنەوەی بەردەوامی بۆ زیاتر لە پێنج هەزار و 521 دانیشتووی گوندەکان دابین دەکات.
ڕاپۆرتەکە پشتڕاستی دەکاتەوە پارێزگای ئیلام کە دەکەوێتە ناو کەشوهەوای گەرم و وشکەوە، ساڵانێکە بەدەست کەمی بارانبارین و دابەزینی ئاستی ئاوی ژێر زەوی و شەپۆلی گەرمی توندەوە گرفتارە. ئەم هۆکارانە بوونەتە هۆی دابەزینی بەرهەمی کشتوکاڵی و ئاژەڵداری لە ناوچە گوندنشینەکان و کەمیی ئاوی دانیشتووانیان توندتر کردووە، ئەمەش وایکردووە هەندێک لە خێزانەکان گوندەکانیان بەجێبهێڵن و بەدوای بارودۆخی ژیانێکی باشتردا بگەڕێن.