مافی مرۆڤ لە عێراق: تاوەکوو ئێستا هەشت ملیۆن دەنگدەر خۆیان تۆمار نەکردووە

ناوەندی ستراتیجی مافی مرۆڤ لە عێراق ڕایگەیاند، زیاتر لە 8 ملیۆن کەس کە مافی دەنگدانیان هەیە، تاوەکوو ئێستا ناوی خۆیان تۆمار نەکردووە.

پێنجشەممە، 22ـی ئایاری 2025، پارێزەر حازم ردەینی، جێگری سەرۆکی سەنتەری مافی مرۆڤ لە عێراق بە میدیاکانی ناوخۆیی عێراقی ڕاگەیاند، "بەگوێرەی یاسای هەڵبژاردنی ژمارە 4ـی ساڵی 2023، ئەو دەنگدەرانەی کە کارتی بایۆمەتری هەڵبژاردنیان هەیە، دەتوانن بەشداریی دەنگدان بکەن، بەڵام ئەوانەی ناویان تۆمار نەکراوە مافی دەنگدانیان نابێت لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق، کە بڕیارە 11ـی 11بەڕێوە بچێت."

ئاماژەی بەوەش کرد "کۆی گشتیی دەنگدەران گەیشتووەتە 29 ملیۆن دەنگدەر، بەوانەش کە  لەدایکبووی ساڵانی 2005 و 2006ـن، بەڵام تاوەکوو ئێستا ژمارەی دەنگدەرانی تۆمارکراوی بایۆمەتری لە 21 ملیۆن دەنگدەر تێ ناپەڕێت، واتە زیاتر لە 8 ملیۆن کەس هێشتا ناوی خۆیان تۆمار نەکردووە."

حازم ردەینی باسی لەوەش کرد "دوا وادەی پێشوو بۆ نوێکردنەوەی کارتی بایۆمەتری 23ـی ئایار بوو، دواتر کۆمسیۆن وادەکەی درێژکردەوە تاوەکوو 15ـی حوزەیران، ئەمەش دەرفەتێکی باشتر دەدات بە دەنگدەران بۆ تۆمارکردن و نوێکردنەوەی کارتی بایۆمەتریان تاکوو مافی دەنگدانیان  لەدەست نەدەن."

ناوەندی ستراتیجی بۆ مافەکانی مرۆڤ داوای لە حکوومەت و کۆمسیۆن کرد "هەڵمەتی چڕ و پڕی میدیایی بکەن بۆ هاندانی دەنگدەران بۆ ناو تۆمارکردن و بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی پەرلەمانی عێراق."

 

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment