پزیشکیان جەخت لە پەرەدان بە پەیوەندییە بازرگانییەکانی ئێران و هەرێمی کوردستان دەکاتەوە

گوتەبێژی حکوومەتی ئێران ڕایگەیاند: دیداری پزیشکیان لەگەڵ هەر چوار پارێزگارەکەی هەرێمی کوردستان و سێ لە پارێزگارانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بۆ قووڵتر و پتەوترکردنی پەیوەندییەکانی نێوانیانە.
پێنجشەممە 22ـی ئایاری 2025، لە تارانی پایتەختی کۆماری ئیسلامیی ئێران، مەسعود پزشکیان، سەرۆكى کۆماری وڵاتەکە، لە کۆشکی کۆماریی، پێشوازیی لە شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە سەرۆکایەتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک، هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی، نوخشە ناسیح، پارێزگاری هەڵەبجە، ئارەشی زرێ تەنی لهۆنی، پارێزگاری کوردستان، ڕەزا ڕەحمانى، پارێزگاری ئازربایجانی ڕۆژئاوا (ورمێ)، مەنوچەهر حبیبی، پارێزگاری کرماشان کرد.
هەر سەبارەت بەو دیدارە، فاتیمە موهاجیرانی، گوتەبێژی حکوومەتی ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: دیدارەکە بۆ قووڵتر و پتەوترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و هەر سێ پارێزگاکەی ورمێ، سنە و کرمانشان بەڕێوەچوو.
هەروەها ئاماژەی بەوە دا، پزشکیان جەختی لە پەرەدان بە پەیوەندییە بازرگانی، ئابووریی و زانستییەکانی نێوانیان کردووەتەوە.
لای خۆیەوە، پارێزگای هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران خۆشحاڵى خۆی به ئاستی پەیوەندیی باشی نێوان پارێزگا هاوسنوورەکانی هەرێمی کوردستان و ئێران نیشاندا و پشتیوانی خۆی بۆ ڕێککەوتنەکانی نێوانیان دووپات کردەوە، هەروەها خواستی ئێرانی نیشاندا لە بەیەکەوەژیان، برایەتی، سەقامگیریی و ئاشتی لە ناوچەکەدا.