پەیکەرەکانی پارکی منارە بوونەتە شوێنی ناساندنی کەسایەتییە هونەرییەکانی کورد

لە پارکی منارە و شانەدەری هەولێر پەیکەری ژمارەیەک لە کەسایەتییە هونەرییەکانی کورد هەن و بەڕێوەبەرایەتیی پارک و باخچەکانی هەولێریش نیازی وایە گرنگی زیاتریان پێبدات.

سەروەر وەیسی، بەرپرسی ڕاگەیاندنی پارک و باخچەکانی هەولێر، ئەمڕۆ هەینی 23ـی ئایاری 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: بۆ زیاتر ناساندنی هونەرمەند و شاعیرانی کورد، چەند ساڵێکە پەیکەری ژمارەیەک هونەرمەند و شاعیری کورد لە نێو پارکی منارە و شانەدەر دروستکراون.

بەرپرسی ڕاگەیاندنی پارک و باخچەکانی هەولێر گوتیشی: ئەو پەیکەرانە ساڵی 2012 دروستکران و لە ساڵانی دواتریش چەند پەیکەرێکی دیکە دروستکراون، ژمارەی ئەو پەیکەرانەی لە پارکی منارەن 44 پەیکەر و لە پارکی شانەدەریش دوو پەیکەری دیکە هەن.

سەروەر وەیسی ئاماژە بەوەدەکات، چەند جارێک ئەو پەیکەرانە شکێندراون و شێواندراون، هەربۆیە ساڵانە سەرجەمیان چاکدەکرێنەوە.

لە هەولێر لە چەندین شوێنی جیاواز پەیکەری ژمارەیەکی زۆری نووسەران، هونەرمەند و شاعیران، لەگەڵ چەندین پەیکەری ئافرەتی کوردی خەباتگێڕ هەن.

ئەم پەیکەرانە گوزارشت لە مێژووی هونەری کوردی دەکەن لە پارچە جیاوازەکانی کوردستان و وەک ڕەمزێک بۆ خەباتی هونەرییان.

ناوی بەشێک لەو کەسایەتییە هونەرییانە لە پارکی منارە پەیکەریان بۆ دروستکراوە، ئەمانەن: نالی، بێخود، ماملێ، حەسەن سیساوەیی، وەفایی، محەمەد عارف، دڵدار، شەمێرانی، یەلماز گۆنای، گیوی موکریانی.

پارکی منارە لە شاری هەولێر دەکەوێتە سەر شەقامی هەڵەبجەی شەهید لەسەر ڕووبەری 85هەزار مەتر دووجا دروستکراوە، دیمەنێکی ناوازەی بەشاری هەولێر بەخشیوە و لە ڕۆژانی ئاسایی ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتییان سەردانی دەکەن و لە ڕۆژانی پشوو و بۆنەکانیش بووەتە جێگای هەزاران گەشتیار و سەردانیکەر.

لە بەرانبەر پارکی منارە پارکێکی دیکە هەیە بەناوی شانەدەر بەهەمان شێوەی منارە، کەشێکی دڵگیر بۆ سەردانیکەرانی فەراهەم دەکات و دوو پەیکەری هونەرمەندانی تێدایە، یەکێک لەوان پەیکەری هونەرمەندی کۆچکردووی شاری هەولێر، ئەردەڵان بەکرە.

 

 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment