هاووڵاتییەکی مووسڵ: کاندیدێک دەیویست بە 50 هەزار دینار و نەفەرێک کەباب دەنگم بکڕێت

هاووڵاتییانی مووسڵ بە شێوەیەکی گشتی بڕوایان بە هەڵبژاردنی عێراق نەماوە و بە گرنگی نازانن. یەکێکیان دەڵێت: دیموکراسی لە عێراق نییە و هەموو شتێک بووەتە پارە. 

محەممەد عەلی، هاووڵاتییەکی بە تەمەنی مووسڵە، ڕۆژانە لەسەر شەقامەکان وردەواڵە دەفرۆشێت. لەبارەی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق بــە دەرمان باعەدری، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند "بە درێژایی مێژوو پەرلەمانی عێراق سەرکەوتوو نەبووە و نەیتوانیوە کێشەکان چارە بکات. داوام لە پارێزگار کردووە مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتیی دابین بکات کە ناکاتە نیو هێندەی نرخی ژەمێکی ڕۆژانەی بەرپرسان، بەڵام نەکرا."

ژیان و گوزەرانی بەشێکی زۆری خەڵكی مووسڵ خراپە و ڕۆژانە نۆرە بۆ وەرگرتنی خواردنی دەزگا خێرخوازییەکان دەگرن. هەژاریی خەڵکەکە وایکردووە، بەشێکی زۆری بەرپرسان دەنگەکانیان بە پارە بکڕن. 

جاسم تەها، هاووڵاتییەکی مووسڵە و لەبارەی دیاردەی کڕینی دەنگی دەنگدەرانەوە ڕایگەیاند "دیموکراسی لە عێراق نییە، هەمووی بە پارەیە. ئەگەر کاندید پارە نەدات، دڵنیابە لە هەڵبژاردنەکەدا دەرناچێت. کاندیدێک پەیوەندیی پێوە کردم و پێی گوتم: دەنگی خۆتم پێ بدە، 50 هەزار دینار و نەفەرێک کەبابت پێ دەدەم. ئەمانە پێمان ڕادەبوێرن، بۆیە ناچینە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق."

ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق 11ى تشرینى دووەمى 2025ى  وەکو ڕۆژى هەڵبژاردنى پەرلەمان دیاری کردووە.

بە گوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆن، لە عێراقدا نزیکەی 29 ملیۆن کەس مافی دەنگدان و بەشدارییان لە هەڵبژاردنی پەرلەماندا هەیە. هەروەها لە کۆی 66 هاوپەیمانێتیی تۆمارکراو لە عێراق، 18یان خواستی بەشدارییان دەربڕیوە، هەشت هاوپەیمانێتیی نوێش داواکارییان پێشکەش کردووە و دوو هاوپەیمانێتی نوێش بە فەرمی پەسەند کراون.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment