هاوسەرۆکی دەم پارتی: لە زیندانەکانی تورکیا هەزار و 26 زیندانی نەخۆش گیانیان لەدەستداوە

هاوسەرۆکی دەم پارتی دەڵێت: بۆ ئەوەی پرۆسەکە بە شێوەیەکی دروست بەردەوام بێت، پێویستە ژینگەیەکی متمانەکراو فەراهەم بکرێت.
سێشەممە، 27ـی ئایاری 2025، تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی ڕایگەیاند: لەنێو گەلی کورد و تورک دوودڵییەک لەبارەی پرۆسەی ئاشتی هەیە و بێ متمانییەک دروست بووە، بۆ ئەوەی پرۆسەکە بە شێوەیەکی دروست بەردەوام بێت، پێویستە ژینگەیەکی متمانەکراو فەراهەم بکرێت کە ئەمە ئەرکی هەموانە بەتایبەتی ئاکپارتی.
تونجەر گوتی: لەهەموشوێنێک خەڵک پرسیارمان ئاڕاستە دەکات بۆچی دەسەڵات هەنگاوی جددی نانێت بۆ پرۆسەی ئاشتی، ئومێدەوارین هەمووان بۆ پرۆسەکە هەوڵی خۆیان بدەن، بەگوێرەی داتاکانی وەزارەتی داد، ڕۆژانە بە تێکڕا دوو زیندانی نەخۆش لە زیندانەکاندا گیان لەدەست دەدەن. لە ماوەی 515 ڕۆژدا هەزار و 26 زیندانی نەخۆش گیانیان لەدەستداوە.
هاوسەرۆکی دەم پارتی گوتیشی: هەنگاوێکی ئاشتی ئەوەیە زیندانیانی نەخۆش ئازاد بکرێن و چاکسازی لە یاسای سزادان بکرێت، هەروەها دەبێت یاسای قەیوم هەڵبوەشێتەوە، دەمانەوێت ئیتر زمان و کولتوور و ناسنامە و بوونی کوردی پشتگوێ نەخرێت و ڕەتنەکرێتەوە.
سێشەممە، 20-05-2025، شاندی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) بۆ تاوتوێکردنی پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان و قۆناغی دوای 12ـەمین کۆنگرەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، سەردانی ژمارەیەک پارتی سیاسی بکات.
میدیاکانی نزیک لەو پارتە بڵاویان کردووەتەوە، ئەمڕۆ سێشەممە، 20-05-2025، شاندی دەم پارتی بە سەرۆکایەتیی پەروین بوڵدان، پەرلەمانتار و ئەندامی شاندی ئیمراڵی، سەردانی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) و پارتی (ئاییندە) بکات.